محەمەد شوکری: ئەگەر وەبەرهێنان کەرتی بانکی لەپشت نەبێت ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت

محەمەد شوکری
محەمەد شوکری

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 21/10/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق و  سەرۆکی  کۆمەڵە بانکە ئەهلییەکانی عێراق و ژمارەیەکی دیکە لە بانکی وڵاتانی عەرەبی، کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر دەستیپێکرد.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەروەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کرد، لە رێکخستنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، گشتیرییەکی تەواو هەیە، لەسەر ئەو پلان و دیدگاییەی جەنابیان هەیتیان، لەسەر رێکخستنەوەی کەرتی بانکی و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان بە گشتی.

گوتیشی: ئەگەر کەرتی بانکی رێکوپێک و رێکخراو لە پشت وەبەرهێنان نەبێت، بە هیچ شێوەیەک وەبەرهێنان ناتوانێت ئامانجەکانی خۆیی بپێکێت، دەشڵێت: ئەوەی ئێمە لەدەستەی وەبەرهێنان هەستی پێدەکەین، کە رۆژانە تووشی کێشەی پڕۆژە گەورەکان دەبێت، ئەوەیە کە کەرتی بانکی بەو شێوەیە نییە، کە تەمویلێکی باش بۆ پرۆژە گەورەکان بێنێت.

محەمەد شوکری باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رووبەرێکی فراوانی لە پرۆسەی وەبەرهێناندا هەیە، ئێمە لەهەرێمی کوردستان سەرووی دوو هەزار هەلی وەبەرهێنانمان هەیە، کە بەشێکی زۆرییان سەرماییەکی گەورەیان پێویستە، هەروەها وەبەرهێنەری گەورە لەهەرێمی کوردستان هەیە لە بوارەکانی وزە و بانک و زۆری تر، بۆیە کە دێتە سەر بابەتی تەمویلکردنی پڕۆژەی گەورە تووشی کێشەی پارەدارکردن دەبنەوە، لەبەر ئەوە رێکخستنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، بۆ داهاتوو کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی لەسەر پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان راشیگەیاند، کوردستان شوێنێکە چەندین دەرفەتی وەبەرهێنانی گەورەی تێدایە، لە بواری کشتوکاڵ، کە دەتوانی بەنداوی گەورە دروست بکەین، هەروەها دەتوانرێت پشتگیری کەرتی گەشتوگوزار و پیشەسازییش بکرێت، ئاماژەی بەوەکرد، لەبواری پیشەسازی بە دەیان شوێنی گەورەمان هەیە کە دەکرێت لە رێگەی تەمویلی بانکی ئەمانە دروست بکرێت، کە ببنە نەخشەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: لەبواری گەشتوگوزاردا کوردستان دەرفەتی گەورەی تێدایە، هەروەها لە داهاتوودا رێکخستنەوەیەکی زیاتری کەرتی بانکی پێویستە، بۆ ئەوەی تەمویلێکی باشی پڕۆژەکانمانی پێبکەین، گوتیشی: لەماوەی رابردوودا رێککەوتنێکمان لەگەڵ دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتی کردووە، کە تاوەکو چوار ساڵ یارمەتیمان بدەن، بۆ دروستکردنەوەی نەخشە رێگا، لەرێکخستنەوەی نەخشەی وەبەرهێنان و دواتر تەمویلکردنی پڕۆژە گرنگەکان بۆ هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد: بەدەیان پڕۆژەی نیشتەجێ بوون لە هەرێمی کوردستان هەیە دووچاری کێشە بووەتەوە، بەوەی کە تەمویلی پێویستی خەڵک ناکرێت، وەکو پێدانی یەکەی نیشتە جێ بوون بە کەمدەرامەتان کە پێویستی بە تەمویل هەیە.

محەمەد شوکری گوتیشی: رێگە دراوە کە بانکە ئەهلییەکان مۆڵەتی وەبەرهێنانییان هەبێت، هەروەها چەندین بانکی ئەهلی مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە، بەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری کردووە، کە بانکەکان لقی زیاتر بکەنەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان فراوانتر بکەن.