چاودێركی سیاسی: هاووڵاتییانی کوردستان خراپترین حوکمڕانی کوردی بە باشترین قەڵەمڕەوی بێگانە ناگۆڕنەوە

ڕێبین سەلام، چاودێری سیاسی
ڕێبین سەلام، چاودێری سیاسی

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت،‌ "بڕینی قووت و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، جۆرێكه‌ له‌ جینۆساید، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی ئومێده‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانە، حیكمه‌ت و دانایی سه‌رۆك بارزانییە". دەشڵێت، "هاووڵاتییانی کوردستان خراپترین حوکمڕانی کوردی بە باشترین قەڵەمڕەوی بێگانە ناگۆڕنەوە".

کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ  لیژنەی دارایی

رۆژی سێشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەردانی بەغدای کرد.

رۆژی چوارشەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێـی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد و تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش".

ڕێبین سەلام: هاووڵاتییانی کوردستان خراپترین حوکمڕانی کوردی بە باشترین قەڵەمڕەوی بێگانە ناگۆڕنەوە

ئەمڕۆ شەمە 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، ڕێبین سەلام، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم سیاسەتەی کە بەغدا لەگەڵ هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیرەو دەکات، بەشێکە لە جینۆساید و ئەنفالکردنێکی بە شێنەیی و لەسەرخۆ، چونکە پرۆسەی ئەنفالیش کە رژێمی بەعس لە هەشتاکاندا ئەنجامی دا، مەبەستی ئەوە بوو شادەماری ئابووری کوردستان وشک بکات و، خەڵک و پێشمەرگە نانبڕاو بکات. کەواتە رژێمەکانی بەغدا دوێنێ خەڵک و پێشمەرگەیان نانبڕاو دەکرد و ئەمڕۆش خەڵک وحکومەتەکەی".

ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە، "ئامانجی دووەمی حکومەتی عێراق لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان؛ فراوانکردنی ئەو بۆشاییەیە کە لەنێوان دەنگدەران ودەسەڵاتدا هەیە، چونکە تێبینیان کردووە هەرچەندە لە سەرتاسەری عێڕاق دەنگدەر کەم بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا هاووڵاتییانی کوردستان دوو هێندەی دەنگدەرەکانی دیکەی عێڕاق دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەر لەکاتی دەنگدان بە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005 ئەم راستیە دەرکەوت و دەستوورەکە بە دەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پەسندکرا".

لەبارەی ئامانجی سێیەمی دەسەڵاتدانی بەغدا، وەکو ئەوەی رێبین سەلام باسی دەکات، "لەبەر ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە ناوچەکانی خۆیان کردوویانە، دەیانەوێت ئەو جیاوازییە گەورەییەی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق کەمبکەنەوە، بە تایبەتی کاتێک گەشتیارە عەرەبەکان دەهاتن بە چاوی خۆیان دەیانبینی هەرێمی کوردستان رێگە، بان و باڵەخانەکانی لە کوێن و ئەوانەی خۆشیان چی بەسەر هاتووە؟"

ڕێبین سەلام ئاماژە بە ئامانجی چوارەم دەدات و دەڵێت: "هاووڵاتییانی کوردستان لە سەرجەم بارودۆخە ساز وناسازەکاندا حکومەت و دەسەڵاتی کوردییان لە باوەشکردووە و خراپترین حوکمڕانی کوردی بە باشترین قەڵەمڕەوی بێگانە ناگۆڕنەوە، ئەم حاڵەتە سایکۆلۆجیە گشتییە لە ناو کورداندا هەزاران ساڵە چەسپیوە تەنانەت داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە ئەڵقە لەگوێیەکی کوردیان کردووەتە حوکمڕان، ئێستا بەغدا دەیەوێت خەڵک لە حکومەتەکەی خۆی بتۆرێنێت بە پیادەکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان، چونکە ئەوەتا نایەڵێت نەوتەکەی خۆمان بفرۆشین و نە بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت، بەڵام حیكمه‌ت و دانایی سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه‌ وافێریكردوون له‌ ته‌نگانه‌دا خۆڕاگر بین و ئه‌میش وایكردووه‌ دواجار دوژمن تێكبشكێت".


ئامادەکردن: لاڤین عومەر