رێباز حه‌ملان: سێشه‌ممه 700 ملیار دیناره‌كه ده‌گات و ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه ده‌كرێت
K24 - هەولێر:
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، بڕیار وایه له ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، حكومه‌تی عێراق وه‌جبه‌ی دووه‌می بڕی 700 ملیار دینار به‌شێوه‌ی قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 21ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، بڕیار وایه له رۆژی دووشه‌ممه یان سێشه‌ممه واتا له‌نێوان 23 بۆ 24ـی ئه‌م مانگه‌دا، حكومه‌تی عێراق وه‌جبه‌ی دووه‌می بڕی 700 ملیار دینار به‌شێوه‌ی قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان روونیشیكرده‌وه، كه دڵنیایی به مامۆستایان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی 700 ملیار دینار، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه ده‌كات. هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه، وه‌زیری دارایی حكومه‌تی فیدڕاڵ دڵنیایی به وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوه، كه هیچ كێشه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ناردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان نییه.
رێباز حه‌ملان هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به په‌رۆشه‌وه به‌دواداچوون بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی له بوودجه‌ی ساڵی 2024ـدا، پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به هیچ شتێك نه‌به‌سترێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی مادده‌كانی تایبه‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له ئارادایه.
ئه‌و یاریده‌ده‌ره‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دڵنیاییشی دا، وه‌جبه‌ی دووه‌می بڕی 700 ملیار دیناره له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵ وه‌ك مووچه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌م ده‌نێردرێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك مووچه‌ی مانگی ئاب دابه‌شی ده‌كات.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق له لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقدا راپۆرتێكی 30 لاپه‌ڕه‌یی خسته‌ڕوو، كه وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی ئێستا و پێشووی ئه‌وانی تێدابوو، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌سه‌ر پرسی دارایی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان توند بوون، به بینینی ئه‌و راپۆرته بۆچوونه‌كانیان گۆڕا.
جه‌ختیشیكرده‌وه له ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لێكتێگه‌یشتنێكی جیددی له‌نێوان هه‌ردوولا دروست بوو، به‌شێوه‌یه‌ك دوای ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه بڕی دوو تریلیۆن دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان له بوودجه‌ی ساڵی 2023 گه‌ڕایه‌وه. گوتیشی، لیستی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی عێراقییه‌وه زۆربه‌ی وردبینی لێ كراوه و كه‌مێكی ماوه و هه‌نگاوی ئه‌رێنی بڕیوه.