عەلی عەلاق بۆ کوردستان24: سەرکەوتن هەر بۆ دینارە

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: پرۆژەی 'هەژماری من' گرنگە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق

K24 – هەولێر:

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ دیاری شێخە، پێشکەشکاری بەرنامەی بووژانەوە لە کوردستان24، بە گرنگییەوە باس لە پرۆژەی هەژماری من دەکات و لەبارەی ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار رایگەیاند، "سەرکەوتن بۆ دینارە".

رۆژی شەممە (21ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە پەراوێزی کۆنفراسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکۆتایی ئەمساڵدا خەڵک دەزانێت چەند هەنگاوی گرنگمان ناوە، بەهای دینار جێگیر دەبێت بەڵام پەیوەستە بە کاتەوە.

عەلی عەلاق لەبارەی بەردەوامبوونی بەهای ئێستای دینار بەرامبەر دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان لە کارکردن بەپێی ئەو پلانەی دایانناوە بەردەوام دەبن و گوتی، "تەنیا پێویستمان بە کاتە".

هەروەها پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی 'ئایا بانکی ناوەندیی عێراق هەموو بڕیارەکانی لەدەستی خۆیدایە؟'، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە دەنگێکی نزمەوە 'بەڵێ'ـی بۆ دیاری شێخە کرد.

هاوکات پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لەبارەی دیاردەی سپیکردنەوەی پارە و فێڵکردن لە رێگەی بانکە تایبەتەکانەوە کە دوای سنووردارکردنی پرۆسەی حەواڵەکردن و مامەڵەکردن بە پارەی کاشەوە زیاتربووە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بە زووترین کات چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە و ئاشکرایکرد، لیژنەیەکی تایبەتیان بۆ ئەو بابەتە دروستکردووە.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی کوردستان24 کە بۆچی بانکەکانی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست سوودمەندنابن لە وەرگرتنی دۆلار لە خستنەبازاڕی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "هیچ بانکێک پشکی نییە لای ئێمە، هەموویان یەکسانن و کاریگەری کەسییەکانیشمان وەلاناوە، بۆ ئەوەی کەس نەیەتە نێو ئەم بابەتەوە، سەرجەم بانکەکان دەتوان پشکی خۆیان وەربگرن، کە لەسەرەتای ئەمساڵ دەستی پێکردووە، ئەوەی باسیش دەکرێت کە گوایە بانکی ناوەندی پشتگیری هەندێک لە بانکەکان دەکات ئەوە دوورە لە راستییەوە".

لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رەتیکردەوە هیچ بڕیارێک هەبێت بۆ راگرتنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران و گوتی، "ئەوە تەنیا دەنگۆی میدیاکانە".

سەبارەت بە سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، عەلی عەلاق باسی لەوەکرد، "هاتنی ئەمجارەم بۆ هەولێر جیاوازبوو، چەندین کۆبوونەوەی تایبەتم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، هەروەها چەندین دانیشتنم لەگەڵ بانکە تایبەتەکانیش کرد، لێرە کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچێت و ئێمەش چی پێویست بێت بۆ ئەم بابەتە هاوکاریان دەبین".

عەلاق گوتیشی، ئێمە لە ساڵی 2017 رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بێگومان چەندین هەوڵ هەبووە بانکە حکومی و تایبەتەکان یەکبخرێن و روونیکردەوە، کاریان بۆ یەکخستنی خزمەتگوزای بانکییەکان.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە گرنگییەوە باسی لە پرۆژەی 'هەژماری من'ـی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "لە سەردانی چەند رۆژی رابردوو، هاوڕێیانم لە حکومەتی هەرێم بەتەواوی ئەم بابەتەیان بۆ باس کردم، ئەم بابەتە زۆر گرنگە بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی سەرپەرشتی دەکات، ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی خەڵکی عێراق دەبێت هەموو تاکێکی عێراقی بڕوای تەواویان بە بانک هەبێت.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، جەختی کردەوە، "بەڵێم سەرکەوتن هەر بۆ دینارە".

دیاری شێخە دوای گفتوگۆی لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
دیاری شێخە دوای گفتوگۆی لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق