جووتیاران رێگەی مەخموور – هەولێریان داخست

فۆتۆ: ئازەر فاروق
فۆتۆ: ئازەر فاروق

K24 – هەولێر

لە بەرامبەر رێگرییەکانی بازگەی هێزەکانی عێراق لە مەخموور، جووتیارانی مەخموور گردبوونەوە و رێگەی سەرەکی مەخموور – هەولێریان داخست.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22/10/2023، بۆ جاری دووەم جووتیارانی مەخموور بەهۆی رێگری لە هاوردەکردنی  بنەتۆ و پەینی کیمیایی گردبوونەوە و رێگەی هەولێر – مەخمووریان داخست.

نوێنەری جووتیارانی مەخموور، بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا رێگەی هەولێر -مەخموورمان داخست دواتر بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێدان، بەڵام بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد، بۆیە جارێکی دیکە هاتینەوە سەر شقام و رێگاکەمان داخستووە و چادر هەڵدەدەین تا کێشەکەمان چارەسەر دەکەن".

روونیکردەوە: "ئێستا وەرزی چاندنی گەنم و جۆیە، هەر چەندە نووسرای فەرمیشمان هەیە کە بنەتۆ پەینی کیمیای ببەینە مەخموور، بەڵام سوپای عێراق رێگە نادات بنەتۆ پەین ببەینەوە مەخموور، دەبێ لە بازگەکە پارە بدەیت لە راستیدا ئەوە سەرانەیە".

پێشتر رزگار محەممەد قایمقامی مەخموور بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، کێشەکەیان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێداون، دوای هەفتەیەک جووتیاران رایدەگەیەنن "ئەو بەڵێنەی پێمان درابوو جێبەجێ نەکرا".