ئیسرائیل هەردوو فڕۆکەخانەی دیمەشق و حەلەبی بۆردوومانکرد

 K24 - هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هەردوو فڕۆکەخانەی دیمەشقی و حەلەبی بۆردوومانکردووە، بەهۆیەوە هەردوو فڕۆکەخانەکە گەشتەکانیان راگرتووە و لە خزمەتکردن وەستاون.

هاوکات، وەزارەتی گواستنەوەی سووریا ئاشکرایکرد، بەهۆی راوەستانی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب، گەشتەکانی ئەو دوو فڕۆکەخانەیە گوازراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی لازقیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی بۆردومانەکانی سەر فڕۆکەخانەی حەلەب و دیمەشقەوە، کەسێکی سڤیل کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە.

لەدەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، ئەمە جاری دووەمە فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشق بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە گەشتەکانیان رادەگیرێت.

بەرەبەیانی رۆژی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە ئاسمان و وشکانی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و، پێنج هەزار مووشەکەی ئاڕاستەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوو کە سوپای ئیسرائیل بە چڕی ناوچەکانی کەرتی غەززەی بۆردوومانکردووە، چوار هەزار و 400 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 750ـیان منداڵن و زیاتر لە 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.