بازگەیەکی سوپای عێراق جووتیارانی مەخموور توڕە دەکات

K24 – هەولێر

لە بازگەی سوپای عێراق رێگری لە جووتیارانی کورد دەکرێت، بنەتۆ و پەینی کیمیایی ببنە مەخموور، ئەمەش جووتیارانی توڕە کردووە، بۆیە جارێکی دیکە رێگای سەرەکی هەولێر – مەخمووریان داخستووە و داوای چارەسەر دەکەن.

جووتیارێکی مەخموور کە لەناو خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ بۆ کوردستان24 دوا گوتی: "ئەو بازگەیەی کە رێگریمان لێدەکات 11 هێزی جیاواز لە بازگەکە هەن و هەریەکە و خۆی بە حکومەتێک دەزانێت و کەسیان ئەوەی تر ناخوێنتەوە، ئەو بازگەیە تەنیا بۆ رێگریکردن لە خەڵکی مەخموور دانراوە، ئەگەرنا هیچ ئیشی دیکەیان نییە، دەبێ کێشەکە لە بەغداوە چارەسەر بکرێت".

دەشڵێت: "ئێستا وەرزی داچاندنی دەغڵ و دانە، بۆیە پێویستە بەپەلە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی دوا نەکەوین لە داچاندنی گەنم، ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەکی دیکە نەتوانین بنەتۆ و پەین ببەینە مەخموور هەموو جووتیارەکان زەرەر دەکەین".

جووتیارێکی دیکە دەڵێت: "ناوچەی مەخموور تەنیا بە کشتوکاڵ ناسراوە، دەیانەوێ ئەوەشمان نەمێنێت شارەکە گەمارۆ دەدەن، بۆ لە هەموو شار و شارۆچکەکانی دیکە ئەو جۆرە گرفتانە دروست ناکرێن، ناحیەی قەراج پڕ بوو لە جووتیاری کورد بەهۆی ئەو دۆخە ئێستا ژمارەیان زۆر کەمبووەتەوە، ئەگەر ئەو فشارە بەردەوام بێت و چارەسەرێکمان بۆ نەدۆزنەوە ئێمەش ناچارین مەخموور جێبهێڵین".

شوفێری یەکێک لەو بارهەڵگرانەی لە بازگەی مەخموور رێگری لێکراوە لەناو خۆپیشاندەران ئامادەبوو، بە کوردستان24ی گوت: "ئەو پەینەی من بارم کردووە لە تورکیاوە هێنراوە لەو هەموو رێگایەوە هاتووە و سنووری دوو وڵاتی بڕیوە کەس رێی لێ نەگرتووە، لە بازگەی مەخموور رێگریمان لێدەکەن، 20 رۆژە رێگە نادەن بارەکە ببەمە مەخموور".

مەخموور یەکیکە لە ناوچە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، ساڵانە 500 هەزار دۆنم زەوی سنوورەکە بە بەروبومی کشوکاڵی دادەچێنرێت، لەو بڕە 300 هەزار دۆنمی دەکرێت بە دەغڵ و دان.

قەزای مەخموور هەرسێ ناحیەی قەراج، گوێڕ، دیبەگە لە خۆ دەگرێت. لەرووی جوگرافییەوە مەڵبەندی قەزای مەخموور بە دووری ( 65) کیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر، لە باكوورییەوە قەزای دەشتی هەولێر و خەباتە و لە باشوورییەوە روباری دیجلەیە، رۆژهەڵاتی زێی بچووكە و خۆر ئاوای زێی گەوەرەییە.

زه‌وی   مه‌خموور بەناو بانگە بۆ چاندنی گه‌نم و جۆ و بەروبوومی کشتوکاڵی بە گشتی.‌ قەزاكە لە دوو دەشتی سەرەكی فراوان پێكدێت (قەراج و كەندێناوە) لەگەڵ بەشێك لە دەشتی شەمامك كە ناوەندی قەزاكە كەوتووەتە بەری قەراج و پتر لە 210 گوند لەخۆ دەگرێت. سنوری قەزای مەخموور جیا لەوەی ناوچەیەكی دەوڵەمەندی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریە، هاوكات لەرووی بەرهەمە بیناسازی و نەوتیەكانیش دەوڵەمەندەو بەتایبەت لە ناحیەكانی دیبەگە و قەراج بەدەیان بیرە نەوت هەیە و پاڵاوگەی (خورمەلە)ش كەوتووەتە دیبەگە كە نەوت لە رێگەی كەركووكەوە بەرەو بەندەری جیهانی رەوانە دەكات.

 بەشێوەیەكی گشتی رووبەری قەزاكە (352،000) دۆنمە و رێژەی %8ی كۆی گشتی رووبەری پارێزگای هەولێر پێكدێنێت.