پارێزگاری دهۆک ژمارەیەک پڕۆژەی بە گوژمەی 35 ملیار دینار راگەیاند

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر لە 35 ملیار دینار راگەیاند، لەنێویاندا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سنووری پارێزگای دهۆک.

ژمارەیەک لەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ پارێزگاری دهۆک رایگەیاندن:

- دروستکردنی سەنتەری لیناکی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

- کۆنکریکتکردنی شەقامەکانی گەڕەکەکانی (گژەبەرا، بەڕۆشکێ، سەرهەڵدان و کانی مەهمەدکێ).

- پڕۆژەکانی رێگە ناوخۆییەکان لە (ئەڤریکێ و ئێمینکێ).

- کۆنکریتکردنی ژمارەیەک شەقام لە گەڕەکی شێلێ.

- کردنەوە، قیرکردن و کۆنکریتکردنی ژمارەیەک کۆڵان و شەقام لەگەڵ دروستکردنی دیوارێکی پاڵپشت لە کەرتی 75 (شندووخا باشوور).

- کردنەوە و قیرکردنی شەقامی 30ـی مەتری لە شەقامی کەمەری تا شەقامی بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک پارچەی کەرتی 85.

- کردنەوە و قیرکردنی شەقامەکانی گەڕەکی ماسیکێ.

- کردنەوە و قیرکردنی شەقامێک لە کەرتی 13 لە گەڕەکی ماڵتا ئیسلام.

- کردنەوە و قیرکردنی و کۆنکریتکردنی شەقامە ناوخۆییەکان لە گەڕەکی ڕەزا.

- کردنەوەی کەناڵێکی کراوە لە هێڵی ئاوی بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دهۆک.

- پڕۆژەی ئاوی لە (ئێتیت، ئێمینکێ و ئەڤریکێ).

- دروستکردنی پردێکی پیادە لەسەر رێگەی (دهۆک – ئامێدی) لەسەر رێگەی (بێسرێ).

پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "دەمانەوێت ئەو پڕۆژانەی ئێستا و ئەوانەی لە ماوەی رابردووشدا راگەیەندراون بە زووترین کات بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام وەکو ئێوە دەزانن ئەم پڕۆژانە پێویستییان بە هەندێک رێکاری یاسایی هەیە و پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت بکرێنە تەندەر لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پەسەندی کردوون. بەردەوام هەوڵ دەدەین ئەم پڕۆژانە هەموویان لە کاتێکی نزیکدا بکەونە خزمەتی هاووڵاتییان". 

گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی رامانگەیاندوون جیاوازن لەو پڕۆژانەی لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ قەزاکانی دیکەی سەر بە پارێزگای دهۆک بە شێوە و کاتێکی جیاواز رایدەگەیەنین. ئەوانەی ئەمڕۆ رامانگەیاندن، تەنها بۆ سنووری دهۆک و دەوروبەرییەتی و زیاتر بۆ ئەو گەڕەک و کۆڵانانەی سەر بە پارێزگای دهۆک دەبن کە لە ماوەی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بێت وەکو پێویست دەستی ئاوەدانییان پێ نەگەیشتووە و پڕۆژەیان لێ ئەنجام نەدراون".

وەکو ئەوەی عەلی تەتەر باسی دەکات، "کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی قەزا و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆکی کرد، تیشکی خستە سەر دوو بابەت کە دەبێت ئێمە گرنگییان پێ بدەین؛ یەکەمیان کەرتی گەشتیاری و دووەمیشیان کەرتی کشتوکاڵ بوو. لە رووی گەشتیارییەوە لە ماوەی داهاتوودا چەند پڕۆژەیەک لە نزیک بەنداوی دهۆک و چەند شوێنێکی دیکەی سنووری پارێزگاکە رادەگەیەندرێن، بەڵام جەخت لەوە دەکەمەوە، هەموو پڕۆژەکانمان پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە. بۆ نموونە کە رێگە و بانەکانمان باش نەبن، گەشتیاریش نابێت، بۆیە پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەر قەزایەک لە داهاتوودا لەکاتی خۆیاندا رادگەیەندرێن".

لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا، پارێزگاری دهۆک گوتی: "تا دوێنێ شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 40 هەزار خێزان دابەشکراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 120 هەزار خێزاندا لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێت. ئەگەر هیچ کێشەیەک رووبەڕوومان نەبێتەوە، لە پلانماندایە لە داهاتوودا نەوتی سپی لە سەنتەری شاری دهۆک و قەزاکانی دەوروبەریشی دابەش بکرێت. گرانی نرخی نەوت لە دەستی ئێمەدا نییە، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان زۆر گران بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکە بە چەند بکڕێت، نیوەی ئەو نرخە بە هاووڵاتییان دەدات".

پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، "وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو لایەنێک دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییانمان بەبێ ئەوەی جیاوازی بکەین. پێموایە چەند ئابووری و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەهێزتر ببێت، دڵنیابن لەوەی زیاتر پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێشکەشکی هاووڵاتییان دەکرێن و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دهۆک

رۆژی دووشەممە 14-08-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لە نزیکەوە گوێی لە داواکارییەکانی خەڵکی کۆمەڵێک گەڕەکی ناو شاری دهۆک گرت.

یەکێک لەو گەڕەکانەی دهۆک کە سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد، گەڕەکی ماڵتا بوو، لەگەڵ چین و توێژەکانی گەڕەکی ماڵتا کۆبووەوە و بە خەڵکی گەڕەكەکەی گوت: "بە فەرمانی سەرۆک بارزانی هاتووم سەردانتان بکەم، ئەوەی لە تواناماندا بێت وەکو حکومەت لە خزمەت گەڕەکە هەژار نشینەکاندا دەبین".

یەکێک لە داواکارییەکانی گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک چاککردنی رێگاوبانی گەڕەکەکەیان بوو، سەرۆکی حکومەت بەڵێنی پێدان کە تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

ئامینە زکری: دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ دهۆک ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

رۆژی پێجشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەرئەنجامی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگای دهۆک خستەڕوو و رایگەیاند، لە نێوەڕاستی مانگی ئاب سەرۆک بارزانی شەش رۆژ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوو، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو چین و توێژەکان هەبووە و گرنگیی بە چوار تەوەری سەرەکی دابوو.

یەکەم: پێویستە گەلی کوردستان ئەوە لە بیر نەکات ئێمە خاوەنی دۆزی خۆمانین و کێشەی ئێمە پرسی خاک و جوگرافیایە. دەبێت دایکان، باوکان و خێزانەکان منداڵەکانیان لەسەر هزری نیشتمانپەروەری و وڵات پارێزی پەروەردە بکەن، پەروەردەیەکی تەندروست کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاددەنێت.

دووەم: دوژمنەکانمان هەوڵدەدەن لە رێگەی مادەی هۆشبەرەوە مەترسی بخەنە سەر کۆمەڵگە و هەوڵی بێ هێزکردن و لاوازکردنی کەسایەتیی مرۆڤ دەدەن.

سێیەم: پێویستە تەنیا پشت بە سەرچاوەی نەوت نەبەستن و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن.

چوارەم: بەهێزکردنی سەرچاوە ئابووریییەکان بە پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاری.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەرۆک بارزانی دەرفەتی بە جەماوەری دهۆک داوە بۆ ئەوەی نیگەرانی، پێشنیاز و داواکارییەکانیان بخەنەڕوو کە لە بواری کشتوکاڵ، گەشتیاری و پڕۆژەی خزمەتگوزاری نزیکەی چوار هەزار داواکارییان هەبووە و هەمووی لەلایەن دەستەی چاودێری و بەدادواچوون و سکرتارییەتی سەرۆک بارزانی وەرگیراون و کاری جیددیان لەسەر کراوە.

ئامینە زکری دەڵێت، هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە داواکاری خەڵک بوون، راستەوخۆ سەرۆک بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنی دا و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی جێبەجێکردنیان درا و پارەی پێویستیان بۆ تەرخانکرا.

بەشێکی دیکەی ئەنجامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بادینان وەکو ئەوەی ئامینە زکری باسی کرد:

- زیاتر لە 18 ملیار دینار بۆ 20 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای سێمێل تەرخانکرا بۆ پڕۆژەکانی رێگەوبان، کارەبا، پەروەردە، ئاو و ئاوەڕۆ و فروانکردنی سەوزایی.

- دروستکردنی باڵەخانەی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە ئامێدی. دروستکردنی باڵەخانەی دادگە لە ئامێدی. بۆ هەردوو پڕۆژە زیاتر لە نۆ ملیار دینار تەرخانکراوە.

- دروستکردنی هۆڵێکی رێورەسمەکان لە قەزای بەردەڕەش کە زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

- دروستکردنی یاریگەی سیمێل بۆ تۆپی پێ کە زیاتر لە پێنج ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

- دروستکردنی پڕۆژەی تونێڵی پیرس بە درێژی 3 کیلۆمەتر کە زیاتر لە 141 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

- بڕیاری دروستکردنی مۆزەخانەی  قەڵای نزارکێ دراوە.

- جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە گوژمەی 109 ملیار دینار.

لە بواری گەشتیاریدا، بە گوتەی ئامینە زکری، تا ئێستا ئەم پڕۆژانە جێبەجێکراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە:

- دانانی بەردی بناخە بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە سۆلاڤ - ئامێدی کە هوتێل، مەلەوانگە و موتێل لە خۆدەگرێت

- دانانی بەردی بناخە بۆ گەراجێکی سێ نهۆمی لە سۆلاڤ - ئامێدی.

- نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەوبان و بازگە لە نێوان پاریزگاکانی دهۆک و موسڵ.

- قەدەخەکردنی بە کرێدانی باخ بە گەشتیاری بیانی بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە هوتێل و موتێلی گەشتیاری

- جێبەجێکردنی کۆرنیش لەسەر رووباری شین.

لە بواری کشتوکاڵدا ئەم کارانە کراون:

- فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە ئاکرێ

- دروستکردنی کارگەیەکی سماق لە ئاکرێ

- فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی

- ئامادەکاری دەکرێت بۆ کردنەوەی فێستیڤاڵی بەرهەمی خۆماڵی لە دەڤەری بەرواری

- فیستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک