سزای زیندانیکردن بۆ رەغد سەددام حوسێن دەرچوو

رەغد سەددام حوسێن
رەغد سەددام حوسێن

K24 - هەولێر

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا، یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، بۆ ماوەی حەوت ساڵ سزای زیندانیکردنی (بەبێ ئامادەبوون) بەسەر رەغد سەددام حوسێندا سەپاند.

بە گوێرەی دەقی بڕیاری دادگاکە کە واژووی دادوەر محەممەد سەلمان محەممەد، سەرۆکی دادگای تاوانەکانی کەرخ و هەردوو دادوەری ئەندام، عەممار رەشید حەمید و وەسام عەبدوڵلا نەجمی لەسەرە، بڕیاری زیندانیکردنی کچەکەی سەددام حوسێن لەسەر بنەمای ماددەی 9ـی یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس، قەوارە، حزبی سیاسی و چالاکییە رەگەزپەرستی و تیرۆریستییەکانی ژمارە 32ـی ساڵی 2016 دەرچووە.

دادگاکە هۆکاری سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر رەغد سەددام حوسێن بۆ "بەشداریکردن لە تاوانی بڵاوکردنەوەی بیرۆکە، بۆچوون و پێشخستنی چالاکییەکانی حزبی قەدەغەکراوی بەعس، لە رێگەی دەرکەوتنە میدیاییەکانی لە ساڵی 2021" گەڕاندووەتەوە.

وەکو ئەوەی لە دەقی بڕیاری دادگاکەدا هاتووە، بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی دادگای تاوانەکانی کەرخ لە هەردوو رۆژنامە ناوخۆییە فەرمییەکانی عێراق بڵاوەدکرێتەوە.

دەقی بڕیاری دادگای تاوانەکانی کەرخ
دەقی بڕیاری دادگای تاوانەکانی کەرخ

 

رەغد سەدام حوسێن لە ساڵی 1968 لە دایکبووە و کچە گەورەی سەدام حوسێنە و، هاوژینەکەی کە (حوسێن کامل) بوو، دوای ئەوەی لەساڵی 1995 بەرەو ئوردن هەڵات، دوای ساڵێک لە گەڕانەوەی و لە ساڵی 1996 لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە کوژرا.

رەغد ئێستا لەساڵی 2003ەوە پێش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق بەرەو ئوردن هەڵات و داوای مافی مانەوەی لەو وڵاتە کرد، لە پەیامەکانیدا داوای یەکڕیزی لە عێراقییەکان دەکات و دەڵێت: "تایفییەت رەتبکەنەوە و دژی ئاشوبەکان بوەستنەوە".  هەروەها بەڵێن دەدات کە رۆژێک عێراق بەقسەی ئەو رۆڵی خۆی دەگێڕێتەوە و ئاڵاکەی دەشەکێتەوە.

سەددام حوسێنی باوکی، بەرەبەیانی 30ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2006 لە سێدارەدرا، دوای ئەوەی رۆژی شەشی کانوونی یەکەمی 2003 دەستگیرکرا و لەسەر دۆسیەی دوجێل دادگایی کرا، لەلایەن دادوەرێکی کوردەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا. سەدام حوسێن لە ماوەی حوکمڕانیدا چەندین تاوانی قێزەونی کرد. کورد زەرەرمەندی یەکەمی سیاسەت و رەفتارەکانی بوو، لەوانەش کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەلی کوردستان.