ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆشتی قەدەغەکراودا دەگرێت

گۆشتی قەدەغەکراو
گۆشتی قەدەغەکراو

K24 – هەولێر:

ئاسایشی هەولێر لە یەکێک لە خواردنگەکان کە هاوکات وەک کۆگایەکی ئامادەکردنی خواردن بەکارهاتووە، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆشتی قەدەغەکراو و هیندی و خواردنی ماوەبەسەرچوودا دەگرێت.

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاسایشی هەولێر لە یەکێک لە خواردنگەکان کە وەک کۆگایەکی ئامادەکردنی خواردن بەکارهێندراوە، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە گۆشتی قەدەغەکراو، گۆشتی هیندی و ماوەبەسەچوودا گرت.

پەیامنێری کوردستان24 لەمیانی بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە رایگەیاند، پێنج کەس کە لە خواردنگەکەدا کاریان کردووە، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ دەست بەسەرداگرتنی هەموو ئەو خواردنەی لەو کۆگایەوە بەسەر خواردنگەکاندا دابەشکراوە.

هەروەها بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لەو کۆگایە تۆمارکراوە، چەندین ساردکەرەوەی پڕ لە گۆشتی ماوەبەسەرچوو و قەدەغەکراو هەڵگیراون و برێکی دیکەی گۆشتین بۆ ئامادەکردنی خواردن لەناو چێشتخانەی کۆگاکەدا دەستی بەسەردا گیراوە.

هاوکات دەست بەسەر بڕێکی دیکەی مریشکی ماوەبەسەرچوو و خواردنی تێکچوودا گیراوە، کە لە دروستکردنی زەڵاتە و موقەبیلات بەکارهێندراوە و لەگەڵ ژەمەکانی خواردن لە چەند خواردنگەیەکی سەر بەو کۆگایە پێشکەش بە هاووڵاتییان کراوە.