کۆریای باشوور، ئەمەریکا و ژاپۆن مانۆڕێکی ئاسمانی هاوبەشیان ئەنجامدا

K24 – هەولێر:

سوپای سیئۆل رایگەیاند، کۆریای باشوور، ئەمەریکا و ژاپۆن یەکەمین مانۆڕی ئاسمانی هاوبەشیان لە باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا ئەنجامدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ( 22ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆریای باشوور، ئەمەریکا و ژاپۆن یەکەمین مانۆڕی ئاسمانی هاوبەشیان لە باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا ئەنجامدا، ئەم مانۆڕە ئاسمانییە لە دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی بۆمب هاوێژی ئەمەریکی (B-52) کە بە چەکی ئەتۆمی هەڵگرتبوو، رۆژی سێشەممە گەیشتە بنکەیەک لە کۆریای باشوور، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سیئۆل، واشنتۆن و تۆکیۆ هاوکارییەکانیان لە بواری بەرگریدا لە بەرامبەر پەرەسەندنی کۆریای باکوور بەهێزتر دەکەن.

سوپای کۆریای باشوور راشیگەیاند، بۆ یەکەمجارە هێزە ئاسمانییەکانی کۆریای باشوور، ئەمەریکا و ژاپۆن مانۆڕی ئاسمانی هاوبەش ئەنجامبدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجیان فراوانکردنی تواناکانی وەڵامدانەوەی سێ وڵاتەکەیە لە بەرامبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور".

لەلایەن خۆیەوە کۆریای باکوور ئەم مانۆڕانە بە پرۆڤە بۆ داگیرکاری دەزانێت و چەندین جار هۆشداری داوە کە لە بەرامبەردا ڕێوشوێنی "بەرفراوان" دەگرێتەبەر.

لە ساڵی 2017 کۆریای باکوور هەڕەشەی شکشست پێهێنانی فڕۆکەی بۆمب هاوێژە ستراتیژییەکانی ئەمریکای کرد، تەنانەت لە دەرەوەی ئاسمانی کۆریای باکووریش.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی، سەردانێکی فەرمی بۆ پیۆنگ یانگ ئەنجامدا.

فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمەریکا (B-52)، دەتوانن زیاتر لە 14 هەزار کیلۆمەتر لە بەرزی 15 هەزار مەتردا بڕۆن.

 لە کۆبوونەوەی لوتکەی مانگی ئابدا کە لە "کامپ دەیڤ"ید لە نزیک واشنتۆن بەڕێوەچوو، سەرکردەکانی سێ وڵات لەسەر پلانێکی چەند ساڵە بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوبەشی نێوانیان رێککەوتن.

ئەو سێ وڵاتە لەم مانگەدا مەشقی دەریایییان ئەنجامدا کە بریتی بوو لە ھاوشێوەکردنی رێگریکردن لە کەشتییە قاچاخچییەکانی کۆریای باکوور، ھەروەک هێزی دەریایی لە سیئۆل رایگەیاند، بۆ یەکەمینجار لە ماوەی حەوت ساڵدا.