جۆ بایدن داوا لە ناتانیاهۆ دەکات سوپای ئیسرائیل پابەندی یاساکانی جەنگ بێت

جۆ بایدن و بنیامین ناتانیاهۆ
جۆ بایدن و بنیامین ناتانیاهۆ

K24 – هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە لەسەر ئەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانیان لە کەرتی غەززە بە پێی یاساکانی جەنگ ئەنجام بدەن.

ڕۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە لەسەر ئەوەی پێویستە سوپای ئیسرائیل بە پێی یاساکانی جەنگ هەڵسوکەوت بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا پەیوەستین بە چارەسەرکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان.

جۆن بایدن لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە جەختی کردووەتەوە، "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، لەسەرمانە هەموو یارمەتییەکیان پێشکەش بکەین کە پێویستیانە بۆ پارێزگاری لە گەلەکەیان، ئەمڕۆ و بە بەردەوامی".

بایدن باسی لەوەشکردووە، "لەگەڵ ناتانیاهۆ گفتوگۆم کردووە لەسەر ئەوەی گرنگە ئیسرائیل ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بەپێی یاساکانی جەنگ ئەنجام بدات، ئەوەش مانای وایە هاووڵاتییانی سڤیل بەپێی توانا بپارێزن".

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، "ناتوانین فەڵەستینییە بێتاوانەکان پشتگوێ بخەین کە جگەلە ژیانێک لە سایەی ئارامی زیاتریان ناوێت، بۆیە گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەوەی بارهەڵگرە مرۆییەکان بگەیەندرێنە فەڵەستینییەکان لە غەززە".

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 16 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش برینداربوون.

تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 70%ـی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژن و منداڵن.

ئامادەکردن/ کارزان حەیدەر