وەزارەتی ژینگەی عێراق: ئەوانەی بەمەبەست زیان بە ژینگە دەگەیەنن سزادەدرێن

پیسبوونی ژینگەی عێراق
پیسبوونی ژینگەی عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر کەسێک ماددەی کیمیایی و پاشماوەی مەترسیدار بەکاربهێنێت یان بەمەبەست زیان بە ژینگە بگەیەنێت، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و سزادەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23 تشرینی یەکەمی 2023، ئەمیرعەلی حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەگوێرەی ماددەی 35 لە یاسای پاراستن و باشتركردنی ژینگە - ژمارە 27ی ساڵی 2009، هەڵگرتن و بەڕێوەبردنی ماددە و پاشماوە مەترسیدارەكان بە "بە تاوان" هەژماردەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هەڵنەگرتن و لابردنی ئەو پاشماوە مەترسیدارانە بۆ سەلامەتی و تەندروستی هاووڵاتییان و، پاراستنی ژینگە گرنگە. گوتیشی، "ئەگەر هەر کەسێک ئەو ماددە کیمیایی و پاشماوە مەترسیدارانە، هەڵبگرێت یان بەکاربهێنێت؛ سزای سێ مانگ زیندانیكردن و سەپاندنی پێبژاردنێک لە نێوان یەك ملیۆن بۆ دە ملیۆن دینار بەسەریدا دەسەپێندرێت. دوای سزادانەکەش ئەگەر بەکارهێنەر هەمان کاری دووبارەکردەوە، سزاکەی دووهێندە زیاد دەکات".  

وەکو ئەوەی ئەمیرعەلی حەسوون باسی دەکات، ئەگەر سەلمێندرا بەکارهێنەرەکە بەمەبەست زیان بە ژینگە دەگەیەنێت یان تەندروستی گشتیی کۆمەڵگە لە رێگەی قاچاخچێتی ماددەی كیمیایی، پاشماوەی مەترسیدا یان فڕێدانی پاشماوە زیانەخشەکان، بخاتە مەترسییەوە، ئەوە رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە و لێپێچینەوەی تووندی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی توێژینەوەیەک کە هەردوو زانکۆی کۆڵۆمبیا و بیڵی ئەمەریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەسەر بنەما ستانداردەکان ئەنجامیداون، سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی بە بیابانبوون و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، لە کۆی 180 وڵاتی جیهان؛ عێراق پلەی کۆتایی گرتووە.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەڕووی تەندروستییەوە، ژینگەی عێراق لە پلەی 102ی لە کۆی 180 وڵات دێت و لەرووی گرتنەبەری سیاسەتی تایبەت بە پارێزگاری لە ژینگە، پلەی کۆتایی گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانییان تا ساڵی 2040 رێژەی پیسبوونی ژینگە لە عێراقدا، دوو هێندە و نیوی ئێستا زیاد دەکات.