250 تۆن پەتاتەی کوردستان هەناردەی سعوودیە دەکرێت

هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستان
هەناردەکردنی پەتاتەی کوردستان

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 23/10/2023، لە قۆناغی دووەمدا 250 تۆن پەتاتەی کوردستان رەوانەی وڵاتی سعوودیە دەکرێت.

رێناس عەلی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی سعوودی کردووە کە بڕی سێ هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هاوردەی وڵاتەکەیان بکەن، ئەمڕۆ 250 تۆن پەتاتە لە هەولێرەوە هەناردەی ریاز دەکرێت.

لەوبارەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "گرنگی پێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ وایکردووە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی جووتیارانی کوردستان زیاد بکات، ئەمساڵ تەنیا لە سنووری هەولێر 600 هەزار تۆن بەرهەممان رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردووە و توانیومانە سەبەتەی خۆراکی شارەکانی دیکەی عێراق پڕ بکەینەوە".

گوتیشی: "ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی پەتاتەی کوردستان بۆ وڵاتی سعوودیە هەناردە دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرهەمی هەرێمی کوردستان خواستی لەسەرە".

بەشێک لەو پەتایانەی هەناردە دەکرێن - فۆتۆ: رێناس عەلی
بەشێک لەو پەتایانەی هەناردە دەکرێن - فۆتۆ: رێناس عەلی/ کوردستان24

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆکی حکومەت گرنگی زۆری بە کەرتی تایبەت و کشتوکاڵی داوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاد بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدایە بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی لە دەرەوەی وڵات، ئەوانیش وەکو وەزارەتی بازرگانی هاوکاریی و ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەو بازرگانانەی دەیانەوێت بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوە بکەن.

هەفتەی رابردوو 100 تۆن پەتاتەی کوردستان رەوانەی وڵاتی سعوودیە کراوە، ئەمڕۆش 250 تۆنی دیکە هەناردە دەکرێت.

پێشتر حکومەتی هەرێم، رێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ئیماراتی کردووە کە 10 هەزار تۆن پەتاتەی کوردستان هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.

بەگوێرەی زانیاری ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان 650 هەزار تۆنە، بۆ ناوخۆ 100 هەزار تۆن پێویستە و بڕیارە زیاتر لە 500 هەزار تۆن لەو پەتاتەیە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بکرێت، چونکە لە ناوخۆ بەکار ناهێنرێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی بۆ چەند هێندەی ئاستی خۆی زیادیکردووە، بەهۆی چاکیی بەرهەمەکەشەوە، خواستێكی زۆری لەسەرە.