ئیسرائیل چەک دەداتە خەڵکی سڤیل و کەمپێکیش بۆ ئاوارەکان دروست دەکات

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هێزێکی ئەمنی خۆبەخشیان پێکهێناوە و رایانگەیاند، پێشبینیی نائارامی نێوان جولەکەکان وعەرەبەکان دەکەن بۆیە ئەو خۆبەخشانە چەکدار دەکەن.

پۆلیسی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە پۆستی سۆشیال میدیا، دەیان هاووڵاتی عەرەبی بە گومانی هاندان و پاڵپشتیکردنی حەماس دەستگیرکرد، بەشێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوان ئەو رێوشوێنانەیان بە نایاسایی وەسفکردو گوتیان: ئامانجیان بێدەنگکردنی دژایەتیکردنی شەڕە.

کۆبی شەبتای، بەرپرسی گشتی پۆلیس گوتی: ئەم چاودێریکردنە وایکردووە ئەفسەرەکان وەڵامی پێشوەختە بدەنەوە بۆ سەرهەڵدانی هەر توندوتیژییەک.

شەبتای راشیگەیاند، "تیمە ئەمنییەکان سەر بە پۆلیس دەبن، هەروەها دەبێت لەوە تێبگەن کە چی رێگەپێدراوە و چی قەدەغەیە".

ئیتمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت: ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەڕە نائارامییەکانی ساڵی 2021 دووبارەبکاتەوە، بۆیە فەرمانی سووککردنی رێساکانی پێدانی مۆڵەتی چەک بە هاووڵاتیانی ئاسایی دەرکرد، ئەو مەرجانەش بە گشتی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتیان کردووە.

رێوشوێنەکان بریتین لە پێکهێنانی تیمی ئەمنی لە خۆبەخشەکان بۆ دەوریەی شەقامەکان و پاڵپشتیکردنی پۆلیس، شەبتای ئاماژەی بەوەشکرد، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا 527 تیم پێکهێنراون.

ئەلیزەر رۆزنباوم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی، بە نوێنەرانی کنێستی راگەیاند، فەرمانێک دەرچووە بۆ دابەشکردنی 20 هەزار چەک بەسەر ئەو تیمانەدا، ئاماژەی بەوەشکرد، خۆبەخشەکان بەهەمان شێوە گولە نەبڕ و کڵاوی پارێزەریان پێدەدرێت.

هەرچەندە وردەکارییەکانی سەبارەت بە جۆری چەکەکەی نەخستەڕوو، بەڵام بن گڤیر لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە بڵاوکراوەتەوە، خۆی چەکی ئۆتۆماتیکی ئێم 16 و ئێم 4 رادەستی ئەو تیمانە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی "مەعاریف"ـی ئیسرائیلی، رایگەیاند، تەلئەبیب بەنیازە کەمپێکی بە چادر لە نزیک شاری ئیلات لەسەر دەریای سوور دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئاوارەبووی دەورووبەری کەرتی غەززە لەخۆبگرێت، چونکە هیچ ژوورێکی هۆتێل نەماوە بۆ وەرگرتنی ئەو ئاوارانە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنها شاری ئیلات زیاتر لە 60 هەزار ئاوارەی وەرگرتووە، ئێستاش ئامادەکاری دەکات بۆ دامەزراندنی کەمپێک لەو شوێنە.

دوای ئەوەی ژووری هۆتێل و میوانخانەکانی شارەکە پڕبوون لە ئاوارە، سەرۆکی شارەوانی، ئیلی لانکوێری، فەرمانی بە کارمەندانی شارەوانی کرد، کە پلانێک بۆ دامەزراندنی کەمپێکی چادر دابنێن کە رووبەرەکەی نزیکەی 150 دۆنم بێت و پێشکەشی حکومەت بکەن.

پێشتریش سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دەستیپێکردووە، نزیکەی نیو ملیۆن ئیسرائیلی لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوون، کە شوێنەکەیان نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری غەززەوە دوورە.

گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، دانیشتوانی 20 شوێنی نیشتەجێبوون کە کەوتوونەتە نزیک سنووری لوبنان چۆڵکراون، ئەمەش بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی.

بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە دەیان چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.