بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان: سێ دەرمانخانە لە بەحرکە بەهۆی مامەڵەکردن بە دەرمانی نایاسایی داخران

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە ناحیەی بەحرکە، سێ دەرمانخانە بەهۆکاری سەرپێچیکردن و مامەڵەکردن بە دەرمانی نایاسایی داخران.

ئەمڕۆ دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە درێژەی پشکنین و بەسەرکردنەوەکانی تیمی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) بە هەماهەنگی لەگەڵ قائمقامییەتی قەزای هەولێر پشکنین بۆ ژمارەیەک لە دەرمانخانە ئەنجامدرا.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ناحیەی بەحرکە لە ئەنجامی پشکنینەکە سێ دەرمانخانە بە هۆکاری سەرپێچیکردن لە رێنماییەکان و مامەڵەکردن بە دەرمانی قاچاخ و بێ سەرچاوە داخران و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ کرا.

باس لەوەشکرا، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان بەردەوام هۆشداری دەدات بە سەرجەم ئەو شوێنانەی کە مامەڵە بە بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکییەوە دەکەن پابەندی گشت رێنماییەکانی بن و بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی توندیان دەکاتەوە.