سەرچاوەیەک: پاس بۆ ئەندامانی کۆمەڵی دادگەری دابینکرا بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون بچن بۆ غەززە

وێنەی گردبوونەوەکەی کۆمەڵ  لە هەولێر لە رۆژی هەینی رابردوو
وێنەی گردبوونەوەکەی کۆمەڵ لە هەولێر لە رۆژی هەینی رابردوو

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو، ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەری کە لە شاری هەولێر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی حەماس و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بچن بۆ غەززە، بەرپرسێکی باڵای پارتی رایەگەیاند، پاسمان ناردووە بۆ گردبوونەوەکە بەڵام هیچ ئەندامێکی کۆمەڵ ئامادەنەبووە بچێت بۆ غەززە.

دوای ئەوەی رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە شاری هەولێر گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا و عەلی باپیر، سەرۆکی ئەو پارتە لە وتارێکدا پشتیوانی خۆیان بۆ بزووتنەوەی حەماس و فەڵەستینییەکان دووپاتکردەوە و ئامادەیی خۆیان نیشاندا لە کەرتی غەززە شەڕ بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای پارتی، 15 پاس لە هەولێر بۆ گردبوونەوەکەی کۆمەڵی دادگەری نێردراوە بۆ ئەوەی هەر یەکێکیان ئامادەبێت بەبێ بەرامبەر بیگوازنەوە بۆ غەززە، بەڵام هیچ یەکێک لە ئامادەبووانی گردبوونەوەکەی کۆمەڵی دادگەری ئامادەنەبوون بچن بۆ غەززە.

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەولێر نەک رێگری لە گردبوونەوەکەی کۆمەڵی دادگەری نەکرا، بەڵکو ئامادەیی نیشاندرا بەبێ بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵ بۆ غەززە بگوازنەوە بەڵام هیچ یەکێکیان وەک ئەوەی لە گردبوونەوەکە بۆ راگەیاندنەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد، ئامادەنەبوون بچنە غەززە.

لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 لەبارەی ناردنی پاس بۆ گواستنەوەی لایەنگرانی کۆمەڵ بۆ غەززە لە کاتی گردبوونەوەکەیان لە هەولێر، تەنیا گوتی، "ئەو زانیارییانە رەتناکەمەوە".

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 17 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 14 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.