روونکردنەوە لەباره‌ی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌درێت 

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:                

مەولوود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەبارەی داهات و پارەی مووچەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "مانگانە داهاتی كۆتایی 170 ملیار دینارە و بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكومەت خەرج دەكرێت".

مه‌ولوود سابیر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، كه‌ له‌ فه‌یسبووكی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان بڵاوبووه‌ته‌وه‌، رایگەیاندووه،‌ بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی ئەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاكو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەگوترێت 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژمار بكەین، بزانین چەندە".

روونیشیکردەوە، داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەكو نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستیی حكومەت بەكاری بهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات ئەژماركراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكو یەكلاكردنەوەیه‌".

مه‌ولوود سابیر داهاتی ئاشکرا کرد و گوتی: "داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە 170 ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە".

مەولوود سابیر ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، گوتیشی: "بۆ نموونە، لە هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ 25%ـی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئێمە نییە، تاكو بەكاری بهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاری كراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن".

مه‌ولوود سابیر دەشڵێت: "وەكو حكومەت بە شەفافی كاردەكەین و داتاكانیش هەمووی لەبەردەستمانن و بە بەڵگە هەن، بەڵام لە باسی داهات ناتێگەیشتن هەیە، داهاتی كۆتایی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین وەكو نەقد بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكوومەت بەكاری بهێنین، كە چەندین خەرجیی هەیە و بەردەوام پێویستی بە پارە و تەمویل هەیە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە، ئەوە جگە لە پێشینەی مانگانەی وەزارەتەكان و خەرجییەكانی حكومەت.  

هاوکات روونیشیكرده‌وه‌، بەهۆی کەمی سیولەو کاش لەبانکەکان کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دروست بووە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە داهاتی مانگی یەکی ساڵی 2023 ، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 ی ساڵی 2022 بەکارهێنراوە و ئەو دۆخە درێژ بۆتەوە تا ئەو کاتەی داهاتی مانگەکانی 7 و 8 و 9 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 بەکارهێنراوە کەهەردوو مانگەکە 535 ملیار دینار کورتهێنان هەبووەو بەداهاتی ناوخۆی 3 مانگ پڕکراوەتەوە، ئەوە جگە لەخەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی 110 ملیار دینارەو خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە 110 ملیار دینارە کەهەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، ئەوە سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی کەبەردەوام گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچە دروست کردووە و ناتوانرێت کورتهێانانی مووچ ەو خەرجیەکانی پێ پڕ بکرێتەوە.