بەشار مەتی وەردە: دەبێت رێز لە پێکهاتەکان بگرین و کولتووری پێکەوەژیان بپارێزین

بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر
بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، دەڵێت: دەبێت رێز لە پێکهاتەکان بگرین و کولتووری پێکەوەژیان بپارێزین. هاوکات گوتیشی: "زانکۆکەی ئێمە خزمەت دەکات وەک سومبولێک کە دوورە لە سیاسەت و جیاکاری ئایینی". 

بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، لە میانەی وتارێکیدا لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی سێیەمی قوتابییانی زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر، رایگەیاند، جێگای شانازیە گەنجی نوێ لە هەموو پێکهاتەکان توانیان سەرکەوتوو بن و داهاتووی خۆیان بنەخشێنن.

سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، دەڵێت: لە زانکۆکەمان %60ـی قوتابییانمان پەیڕەوانی کاسۆلیکین، هەروەها %40ـی موسڵمان، ئێزدی و پەیڕەوانی ئەدیانەکانی دیکەن.

بەشار مەتی وەردە، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، بۆ یەکەمینجارە ئەمساڵ هەشت قوتابی ئێزدی لەم زانکۆیە ئاهەنگی دەرچوونیانە، کە لە 2019 لە ئەڵمانیا هاتوونەتەوە بۆ کوردستان.

سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، گوتی: "زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر هەموو جیاوازییەکان لەخۆ دەگرێت و کولتووری پێکەوەژیان دەپارێزێت و دەبێت لەسەر ئەو رێچکەیەش بەردەوام بین".

گوتیشی: "زانکۆکەی ئێمە خزمەت دەکات وەک سومبولێک کە دوورە لە سیاسەت و جیاکاری ئایینی، هەروەها دەبێت رێز لە پێکهاتەکان بگرین، سەرەڕای ئازار و قەیرانەکان و بەڵام داهاتووی خۆمان زۆر بە جوانی دەنەخشێنین".

بەشار مەتی وەردە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە نزا دەکەین بۆ ئەوانە کە لە حەمدانییە گیانیان لەدەستدا، رێزیان لێ دەگرین بۆیە ئاهەنەگەکەمان زۆر گەورە نییە.

درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵێکی قەزای حەمدانییە کە لەوکاتەدا ئاهەنگگێکی هاوسەرگیری تێدا بەڕێوەدەچوو، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە 122 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

رووداوەکە لەسەر ئاستی عێراق و جیهانیش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

هەرچەندە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و ئەو ماددانەوە بووە کە لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا بەکارهاتووە، بەڵام بەشێکی زۆری مەسیحییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رازی نین بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی سێیەمی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، ژمارەیەک خوێندکار بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان وەرگرت لە پسپۆرییە جیاوازەکانی زانکۆکە.

زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر لە ساڵی 2015 دامەزراوە و لە حەوت کۆلیژ و 11 بەشی زانستی پێکهاتووە.