سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هەولێر پەناگەی بێلانەکانە و ئەوانەی روویان لێکرد دەرفەتی دووبارە ژیانەوەیان هەبوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی سێیەمی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، وتارێکی پێشکەشکرد و دووپاتیکردەوە، هەولێر بووە پەناگەی ئەوانەی بێ لانە و بێ دەسەڵات بوون و جەختی لەسەر پێکەوەژیان و لێبوردەیی کردەوە بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکان.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمەکەدا، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە دەرچووانی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر کرد کە لە پێکهاتە جیاوازەکان پێکهاتوون.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و پابەنديی حکومەتی هەرێمیشی بە پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان دووپات کردەوە.

هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە بایەخدان بە کەرتی پەروەردە و خوێندن، هەمیشە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بووە و هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی خوێندن و دامەزراوە پەروەردەیی و زانکۆکانمان.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: پێشتریش باسم لەوە کردووە کە ئامانجانمان ئەوەیە کوردستان بکەینە نیشتمانێکی پڕ لە زانست و زانیاری، لەم ڕووەوە سامانی مرۆیی و بەتایبەتی گەنجەکانمان، بەنرخترین سەرمایەی نیشتمانی ئێمەن و شایانی ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانین.

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی دەرچووانی زانکۆ لە کوردستان کرد کە دەتوانن لە زۆر بواردا هاوکار و یارمەتیدەر بن و رۆڵێکی گرنگ بگێڕن. بۆ نموونە زۆر کێشە و قەیرانی جیهانی هەیە وەک کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمئاوی و کەمی خۆراک و هەژاری کە ئەمڕۆ بەرۆکی زۆر ناوچە و دەڤەری جیهانی گرتووەتەوە. لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لە کوردستان گفتوگۆ لەبارەی ئە و کێشە و قەیرانانە و رێگەچارەکانیان دەکرێ و دەرچووانیش دەبنە بەشێک لەو گفتوگۆیانە و رێگەچارە و ئەلتەرناتیڤ پێشکەش دەکەن.

لەبارەی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی پێکهاتەکان و گوتی، "هەمیشە پاڵپشتی ئەوانە دەبین کە پشتمان پێدەبەستن" و باسی لەوەشکرد، و ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر قوڵکردنەوەی لێبوردەیی و پێکەوەژیان کردووەتەوە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی زانکۆی کاسۆلیکییەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، لە کاتێکدا ئەم زانکۆیە بنیادنرا کە لە تاریکترین سەردەمی ئێمەدا، کریستیان و ئێزدی و کورد و موسوڵمان و پێکهاتەکان بە گشتی لە دەشتی نەینەوا و شنگالەوە روویان لەم ناوچەیە کرد و هەموویان بە شکۆ و کەرامەتەوە پێشوازییان لێکرا و هەولێر بووە پەناگەیەک بۆ بێ دەسەڵات و بێ لانەکان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هەر یەکێک لەو ساڵانەدا رووی لە ئێرە کردبێت، چانسی ئەوەی هەبووە جارێکی دیکە دەست بە ژیان بکاتەوە.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دامەزراوەیە بەڵگەی خۆڕاگرییە بۆ ئێمە و ئێوەش، لە سەردەمێک چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ بوو، لە رێی ئەم دامەزراوەیە ژمارەیەک لە رۆڵەکان درێژەیان بە خوێندندا و ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونیان دەگێڕن و دەتوانن ببنە هێزی کار، هەروەها پڕ چەکن و دەبنە هاندەر بۆ ئەو جێگەیەی کە هیوا و ئومێد بوو.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، باوەڕم بەم کۆمەڵگەیە هەیە کە لێرەدا دروست بووە کە نموونەیەکی پێکەوەژیانە، خەڵکی لە باوەڕە جیاوازەکانەوە دەتوانن پێکەوە بەسەربەرزی و خۆشگوزەرانی پێکەوە بژین و کەم نموونەی لەوجۆرە لە ناوچەکە هەیە هێندەی ئەم نموونەیە سەرکەوتووبن کە تێیدا باوەڕ و نەریتە جیاوازەکان بۆ هەموومان دەدرەوشێنەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سوپاسی مامۆستایانی کرد و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا بەرهەمی ئەو مامۆستایانەن کە خوێندنیان لە پێشەوەی بەرژەوەندییەکانیان و پێداویستییە کەسییەکانیانەوە دانا و دەرچوونی ئەم پۆلە قوتابییەش هێمای قوربانیدانی هەموو ئەوانەیە کە پێکەوە کاریان کردووە بۆ ئەوەی بگەن بەم رۆژە.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، حکومەتەکەم و کابینەی پێشوو گرێنتی ئاسایش و بەردی بناغەیەکیان دانا کە باشترین و گەشاوەترینیان پێشکەشکرد بۆ ئەوەی هانی خێزانەکان بدەن کە باشترین پێشکەش بکەن و، سوپاسی کەسوکاری دەرچووان کرد کە بۆ ئەو قوربانییانەی داویانە بۆ ئەوەی رۆڵەکانیان بگەم بەم رۆژە.

گوتیشی، زانکۆی کاسۆلیکی تاکە زانکۆیە کە ناوی کاسۆلیکی هەڵگرتووە لە مالیزیاوە تا مەغریب و کە لە ساڵی 2015ـەوە وەک چرایەک بۆ کۆمەڵگە جیاوازەکان خزمەتی کردووە، جگە لەوەی وەک ناوەندێکی فێربوون خزمەت دەکات، شوێنی دووبارە ژیانەوە و دڵنیاییە بۆ لانکەی شارستانییەت.

دەشتی مێژوویی نەینەوا کە بەربەرییەکان هەوڵیاندا مێژووە هەزاران ساڵەکەی بسڕنەوە، بەڵام شکستیان هێناوە، دەرچووانی ئەمڕۆ دەبنە بەشێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەو شارستانییەتە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونیکردەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەروەردەی لە کاری پێشینەی داناوە و جەخت لە دابینکردنی ئامرازەکانی سەرکەوتن بۆ گەنجان و پشتیوانیکردن لە بەدیهێنانی توانا و بەهرە و خەونەکانیان، هەمیشە ئاماژەم بەوەکردووە، کە ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ کۆمەڵگەیەکی پڕ لە مەعریفەت و زانیاری و گەورەترین سەرمایەی نیشتمانی ئێمەش گەنجەکانمانن.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی، گەنجانمان شایستەی ژیانێکی خۆشگوزەرانن کە هاوشێوەی هاوتەمەنەکانیان بێت لە شوێنی دیکە، بۆیە پشتیوان دەبین بۆ ئەوەی رۆڵتان هەبێت لە وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیا و لە دیبەیتی گۆڕانکارییەکان و دەنگتان هەبێت و ژیانێکی شایستەی بەخۆتان هەبێت، ئەمەش ئەرکی ئێمەیە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە ئەمە بەدیبێت و پردێک دروست بکەین لەنێوان ئاواتەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانتان.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە گەنجانیش کرد خۆیان ئامادەبکەن دەنگیان هەبێت لە پرسە جیهانییەکاندا، بەتایبەتی لە پرسەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمی ئاو، خۆراک و هەژاری سنوورەکان ناناسن و دەگەنە هەموو کەسێک و دەبێت ئێوەش دەنگتان هەبێت و چارەسەر و پێشنیاز و بیرۆکەکانتان بخەنەڕوو.