زانیاری لە بەغداوە لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب

دابەشکردنی مووچە
دابەشکردنی مووچە

K24 – بەغدا:

گوتەبێژی حکومەتی عێراق بۆ کوردستان24 وادەی ناردنی 700 ملیار دینارەکە ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، دوای تەواوکردنی تەمویلی وەزارەتەکان بۆ دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی 700 ملیار دینارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵی سەرقاڵی تەمویلکردنی وەزارەتەکانە بۆ دابەشکردنی مووچە، دوای کۆتاییهاتنی ئەو پرۆسەیە، قۆناغی دووەمی 700 ملیار دینارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی دارایی لە 17ـی ئەم مانگەوە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق کردووە و تا 26ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەگەر رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، 700 ملیارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم.

رۆژی شه‌ممه‌ (21ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی 700 ملیار دینارەکە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كات.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا كه‌ په‌یامنێری كوردستان24 تێیدا ئامادەبوو، له‌باره‌ی پشكی مووچه‌ی مووچەخۆرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، تا كۆتایی ساڵ، 700 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی مانگانه‌ی مووچەخۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ده‌نێردرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، دوای كۆتاییهاتنی ساڵ، له‌ سه‌ری ساڵی نوێدا هه‌موو ژمێرە‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رسێ جاره‌كه‌ نێردراوه‌، پاشان به‌گوێره‌ی ئینفاقی فیعلی له‌ رێژه‌ی ئه‌و 12.67%ـه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ وه‌ك پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا دیاریكراوه‌ و دواتر چه‌ند پاره‌ له‌ پشكی هه‌رێم لای حكومه‌تی فیدراڵ ده‌مێنێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

دوای ئەوەی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان تەواوکرد و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) پرۆسەی وردبینیان لە لیستی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان تەواو کردووە و رۆژی دواتر راپۆرتەکە بە واژۆی هەردوو دیوانی چاودێری، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی هەرێمی کوردستان کراوە.

هەروەها رۆژی شەممە (21ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی کۆی داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بانگێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدول حەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سرووشتەکان بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتن.

دوای کۆبوونەوەکەش، رۆژی چوارشەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووینەوە، هەموو زانیاری و داتاکانی خۆمان پێشەکەش کرد، هاوکات تا رادەیەکی باش تێگەشتنی هاوبەشمان هەبوو لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی لە خەرجی راستەقینە، هەروەها جیاکردنەوەی لە کێشە سیاسییەکانیش.

لەلایەن خۆیەوە رۆژی (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، لە کەشێکی ئەرێنی بە راشکاوی ئەو بابەتانەی تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان و پێشتر داتا و زانیاری ناڕاست لەبارەی مووچەخۆران، داهات و خەرجییەکان خرابووەڕوو لە کۆبوونەوەی دوێنێ، لە راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی بە وردەکارییەوە خرایەڕوو.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.