جووتیارە دەستگیرکراوەکانی گوندی شەناغەی سەرگەڕان ئازادکران

جووتیارە ئازاکراوەکانی گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان
جووتیارە ئازاکراوەکانی گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان

K24 – کەرکووک:

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سوپای عێراق بەهێزێکی سەربازییەوە هەڵیانکوتایەسەر گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان 20 جووتیاریان دەستگیر کرد، دواتر بە هەوڵی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرجەمیان ئازاکران.

ئەمڕۆ سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023)، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 باسی لە هۆکاری دەستگیرکردنی جووتیارە کوردەکان کرد و گوتی: "دوای ئەوەی ئەمڕۆ جووتیارانی گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان بۆ مەبەستی کاری کشتوکاڵی سەردانی زەوییەکانیان کردبوو، لەو کاتیدا هێزیکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەرەوە هەڵیانکوتایە سەر زەوی جووتیارە کوردەکان و داوایان لە جووتیاران کردبوو کاری کشتوکاڵی لە سە زەوییەکانیان رابگرن، جووتیارانیش رەتیان کردبووەوە بۆیە جووتیارەکان کە ژمارەیان 20 کەس بوو، سەرجەمیان لەلایەن سوپاوە دەستگیرکران.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هاتە سەر هێل و پەیوەندی بە لایەنە سەربازیەکانی ئەم سنوورە کرد و لە ئەنجامدا سەرجەمیان ئازادکران، بەڵام وەک جووتیاران ئاماژەی پێدەکەن، سوپای عێراق ماوە ماوە هەڵدەکوتێتە سەر زەوییەکانیان، لە هەندێک شوێن هەمەری سەربازیان داناوە 24 کاتژمێر چاودێرییان دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، جووتیارە کوردەکان ناڕازین لەو کارەی کە سوپای عێراق بەرامبەریان بۆ چەندین جارە دووبارە دەکاتەوە و داواکارن کێشەکانیان بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) برای یەکێک لەو جووتیارانەی سوپای عێراق دەستگیریکردووە بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک بەر لە ئێستا سوپای عێراق بەهێزێکی زۆرەوە گەمارۆی گوندەکەیاندا و داوایانکرد دەست لە کشتوکاڵکردن هەڵبگرن و نابێت زەوییەکانیان بەکاربهێنن.

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، دوای رەتکردنەوەی داواکەیان لەلایەن جووتیارانەوە، هێزەکەی سوپای عێراق رەشبگیرییان لە دژی جووتیاران ئەنجامداو زیاتر لە 20 جووتیاری گوندەکەیان دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەنێو  دەستگیرکراوەکاندا، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانی تێدایە، لە پەیوەندییەکیشدا لەگەڵ یەکێک لە جووتیارە دەستگیرکراوەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد زیاتر لە 20 جووتیار دەستبەسەرکراون و لە بارەگای فیرقەی هەشتی لیوای 32ـی فەوجی یەکی سوپای عێراقن.

هەروەها سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023)، هێزێکی فیرقەی 11ی سوپای عێراق، چوونە ناو سەربازگەی ئەنفال لە گوندی تۆپزاوە، کە ئەو سەربازگەیە وەک هێمای ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعسە دەرحەق بە خەڵکی ناوچەکە، چونکە لەکاتی ئەنفال رژێمی بەعس خەڵکی دەستگیرکردووە و بردوونیەتە ئەو سەربازگەیە و لەوێوە رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەری کردوون، بۆیە خەڵکی تۆپزاوە داوا دەکەن سەربازگەی ئەنفال بکرێتە مۆزەخانە نەک وەکو سەردەمی بەعس جارێکی دیکە هێزی سەربازی لێ جێگیر بکرێت، دوای فشارەکان کشانەوە.