یەکێک لە بارمتە ئیسرائیلییە ئازادکراوەکان: پێیان دەگوتم باوەڕمان بە قورئان هەیە و ئازارت نادەین

یۆخفید لیفشیتزی تەمەن 85 ساڵی ئیسرائیلی دوای ئازادکردنی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە - وێنە: AFP
یۆخفید لیفشیتزی تەمەن 85 ساڵی ئیسرائیلی دوای ئازادکردنی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

یەکێک لەو بارمتانەی دوێنێ دووشەممە بزووتنەوەی حەماس ئازادی کردن باس لە چیرۆکی رفاندنی خۆی دەکات و رایگەیاند، دوای رفاندنم لە دۆزەخ دەژیام، لە تونێلێك بووم هاوشێوەی تۆڕی جاڵجاڵۆکە و رفێنەرەکانم پێیان دەگوتم: باوەڕمان بە قورئان هەیە.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023)، یۆخفید لیفشیتزی تەمەن 85 ساڵەی بارمتەی ئازادکراوی دەستی بزووتنەوەی حەماس، دوای ئەوەی دوێنێ بزووتنەوەکە لەگەڵ بارمتەیەکی دیکە ئازادی کردن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، "بارودۆخەکە زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ئێمە دەربازبووین".

بارمتە بەساڵاچووە ئیسرائیلییەکە لەبارەی چیڕۆکی رفاندنەکەی ئاماژەی بەوەکرد، "بە ماتۆڕسکیلێک منیان رفاند، کە لە تەنیشتمەوە ئۆتۆمبێل بەرەو غەززە لێیان دەخوڕی، بەڕاستی ئەوە زۆر بە ئازار بوو".

ئەو ئافرەتە بەتەمەنە ئیسرائیلییە باسی لە دۆخی تەندروستی خۆشی کردووە کە بەهۆی لێخوڕینی زۆری ماتۆڕسکیلەکە لە کاتی گواستنەوەی بۆ غەززە، زۆر ماندووبووە و لە کاتی گەیشتنیدا بۆ ماوەیەکی زۆر بە لایەکدا پاڵ کەوتووە.

کچەکەی لیفشیتزی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا وتەکانی دایکی بۆ رۆژنامەنووسان وەردەگێڕا، باسی لەوەکرد، "دایکم چووەتە خوارەوەی تونێلێکی زۆر گەورە و لەوێ دەستبەسەریان کردووە".

یۆخفید لیفشیتزی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمەیان چەند کیلۆمەترێک بەسەر زەوییەکی تەڕدا برد، تونێلێکی زۆر گەورە لەژێر زەوی هەبوو وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە وابوو". گوتیشی، "تیمێکی پزیشکی و فریاگوزاری چاوەڕێیان دەکردین، کاتێک گەیشتینە ئەوێ چەند کەسێک پێیان وتین، ئەوان باوەڕیان بە قورئانە و ئازارمان نادەن و داوایان کرد وەک ئەوانیش لە تونێلەکان بژین وەک چۆن ئەوان لە تونێلەکاندا دەژین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئافرەتە ئیسرائیلییە باسی لەوەشکرد، "لەسەر زەوی دەخەوتین، تونێلەکە زۆربەی شوێنەکانی تەڕ و شێدار بوون، پاسەوان و تیمەکانی فریاگوزاری گرنگیان بەوە دەدا کە ئەوان هەمان ئەو دەرمانانەیان هەیە کە پێویستمان پێیەتی، زۆر گرنگییان بە لایەنی تەندروستیمان دەدا بۆ ئەوەی نەخۆش نەکەوین".

یۆخفید لیفشیتزی، رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) لەگەڵ هاوڕێ و دراوسێکەی، نۆریت کۆپەری تەمەن 79 ساڵان، لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازادکران، کە دانیشتووی ناوچەی کیبۆتس نیر عەوزن. لیفشیتزی پێی وابوو هێشتا زیاتر لە 200 بارمتەی دیکە لە دەستی بزووتنەوەی حەماسدان.

به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین، 18 رۆژە جەنگ بەردەوامە و پێنج هەزار و 791 فەڵەستینی کوژراون و 16 هەزار و 297 کەسیی دیکەش برینداربوون .

بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکانیش، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.

ئامادەکردنی / کارزان حەیدەر