سوودانی: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته به رێككه‌وتنی كۆمپانیاكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌سه‌ر شایسته‌كانیان
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، تاوه‌كو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی بابه‌ته داراییه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له مانگی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، بڕی 700 ملیار دینار به‌شێوه‌ی قه‌رز بۆ مووچه‌ی مووچه‌خۆران بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرن، ده‌شڵێت كۆمپانیاكانی نه‌وتیان له هه‌رێمی كوردستان ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كێشه‌كانیان سه‌باره‌ت به كرێ و شایسته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئاگادار ده‌كرێنه‌وه له ماوه‌ی مانگێكدا ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و پاشان هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌شێوه‌ی قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران رایگه‌یاند، ئه‌م پڕۆسه‌یه تاوه‌كو مانگی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ واته تاوه‌كو مانگی دوازده به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی پرسه داراییه‌یه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌وباره‌یه‌وه له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كرد، پاشان به‌گوێره‌ی دیاریكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له خه‌رجییه تایبه‌ته‌كان له بوودجه‌ی گشتیدا پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت. گوتیشی، ئه‌و بابه‌ته په‌یوه‌سته به وردبینیكردنی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.
سوودانی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ردوو دیوانی دارایی فیدڕاڵی و دیوانی دارایی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتی خۆیانیان پێشكه‌ش كردووه، كه هه‌ندێك تێبینی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌بووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له دانیشتنی ئه‌مڕۆكه‌یدا لیژنه‌یه‌كی راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه بكات و كێشه و تێبینییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی توركیا ئاماده‌یی خۆیانیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌ربڕیوه.
گوتیشی، كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كه له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی هه‌یه سه‌باره‌ت به گرێیه‌سته‌كانیان و شایسته‌كانیان كه له بوودجه‌ی فیدڕاڵی‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، كه شایسته‌كانیان له‌گه‌ڵ تێچووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه له بواری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت یه‌كناگرێته‌وه. روونیشیكرده‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكرێن، كۆمپانیاكانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه، ده‌توانن له ماوه‌ی 30 رۆژدا نه‌وت به‌رهه‌م بهێنن و دواتریش هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به زیادكردنی مووچه‌ی پله نزمه‌كانی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی عێراق سوودانی گوتی، ئه‌و بڕیاره یه‌كێكه له بڕیاره گرنگه‌كان و تێگه‌یشتنی وه‌زیره‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی بووه بۆ دۆخی ناله‌باری ئه‌و چینه‌ی كۆمه‌ڵگه. گوتیشی، ئه‌وان له‌پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و بڕیاره‌دا كاری جددیان كردووه، به‌تایبه‌ت لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه و له‌و رێگه‌یه‌وه رێككاره یاساییه‌كانیان گرتووه‌به‌ر.
روونیشیكرده‌وه، توانیویانه 34 ده‌رماڵه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به دادپه‌روه‌رانه ده‌رماڵه به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا دابه‌ش بكه‌ن كه له پله‌ی خواره‌وه‌دان یانیش خانه‌نشینن. گوتیشی، زیاتر له 180 هه‌زار مووچه‌خۆر له پله‌ی هه‌شت و 180 هه‌زاری دیكه له پله‌ی نۆ هه‌یه و زیاتر له 106 هه‌زاری دیكه‌ش له پله 10 دان و به رێژه‌ی 50% ده‌رماڵه ده‌خرێته سه‌ر مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تیان. ملیۆنێك و 400 هه‌زار كه‌سیش خانه‌نشینن و مووچه‌ی خانه‌نشینه‌كه‌یان له 400 هه‌زار دینار كه‌متره، بۆیه مانگانه 100 هه‌زار دیناریان پێ ده‌درێت.
تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه به‌هۆی ته‌واوكردنی ماوه‌ی ساڵێك له كابینه‌كه‌ی، داوای كردووه رۆژی 27ـی ئه‌م مانگه بچێته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی به داتا و ژماره و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی كار و چالاكیی و ده‌ستكه‌وته‌كانی ساڵێكی كابینه‌كه‌ی بخاته‌ڕوو.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به دۆلار و رێوشوێنه‌كان گوتی، دۆلار له عێراق بابه‌تێكه یاری پێ ده‌كرێت به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نایانه‌وێت به‌شێوه‌ی فه‌رمی مامه‌ڵه به دۆلار بكه‌ن. دووپاتیشكرده‌وه چاكسازی له رێوشوێنه‌كانی بانكی ناوه‌ندی ده‌كه‌ن.
سوودانی گوتیشی، سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنی بابه‌تی نه‌ختینه‌یی چاره‌سه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندی پشتیوانی له بانكه ئه‌هلییه ناوخۆییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه به‌شێك له چاره‌سه‌ری دراو و مامه‌ڵه‌كردن به دۆلار و دینار. سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه، ده‌زگا ئه‌منییه‌كان چه‌ندین لیژنه و تیمی پسپۆڕیان پێكهێناوه دژی ئه‌وانه‌ی بازرگانی به دۆلار و دینار ده‌كه‌ن. گوتیشی، بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ ئێران سزای له‌سه‌ره، عێراق پێویستی به رێوشوێن و میكانیزمی تایبه‌ت هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته به‌ر ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر ئابوورییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت.
سه‌باره‌ت به پرسی جه‌نگی غه‌ززه دووپاتیكرده‌وه، هه‌ڵوێستی عێراق هه‌ڵوێستێكی نه‌گۆڕه بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی فه‌ڵه‌ستین. گوتیشی، عێراق سه‌باره‌ت به راگرتنی ئه‌و جه‌نگه هه‌وڵی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاجیاكان هه‌یه. هه‌روه‌ها ترسی خۆشی نیشاندا له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و جه‌نگه و ته‌شه‌نه‌كردنی بۆ ناوچه‌كه.
گوتیشی، عێراق پابه‌نده به سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌ی، حكومه‌تی عێراق په‌یوه‌نده به كاره‌كان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق و دژی هه‌ر دژایه‌تیكردنێكی ئه‌و هێزانه ده‌وه‌ستێته‌وه، هاوكات عێراق پابه‌ند ده‌بێت به پاراستنی نێرده و نوێنه‌ره دیپلۆماسییه‌كان.