بەرهەمی "میسپۆڕین" لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان وەردەگیرێتەوە و لەناودەبرێت

بەرهەمی "میسپۆڕین"
بەرهەمی "میسپۆڕین"

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە ڕاکێشانەوەی بەرهەمی (میسپۆڕین) لە بازاڕ، دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان و دەڵێت، هەر لایەنێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت، "رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان لە راگەیەنداروێکدا ڕاکێشانەوەی بەرهەمی (میسپۆڕین) لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، دوای راکێشانەوەی، سەرجەم جۆرەکانی بەرهەمەکە لەناودەبرێن.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە لەسەر داوای کارگەی بەرهەمهێن (ئەسینۆ) دراوە، "چونکە بەرهەمی ناوبراو لەدوای وەرگرتنی مۆڵەتی بەبازاڕکردن، دوای ماوەیەک دەرکەوتووە کەوا چەند ژمارە باجێکی لایداوە لە تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکانی کۆتایی بەرهەمەکە".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان ئاگاداری گشت دەرمانخانە و نەخۆشخانەکان دەکاتەوە، "بەهیچ شێوەیەک مامەڵە بەو دەرمانە نەکەن تا دووبارە بڕیاری پێویست لەم بارەیەوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دەردەچێت و ئەو بڕەی هەیانە بیگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیای دابەشکار یان بۆ ئەو کۆگایەی کە دەرمانەکەی لێوە کڕیوە".

لەبارەی ئەو دەرمانخانە و نەخۆشخانانەی پابەندی بڕیارەکە نابن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە هەر شوێنێک مامەڵە بەو بەرهەمە بکرێت یاخود بەکاربێت، "ڕێکاری یاسایی" لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.