سیپان شێروانی: حکومەتی عێراق زۆر بڕیاری لەژێر فشاری سیاسیدا دەرکردووە

سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق لە سەرجەم حکومەتەکانی پێشووتری ئەو وڵاتە "باشترە" و دەڵێت، زۆر بڕیاری بەدڵ نەبووە، بەڵام لەژێر فشاری سیاسیدا دەرکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنە و شاندی هەرێمی کوردستانی راسپارد، بەرپرسانی حکومەتی عێراق هەر داواکارییەکیان هەبێت، لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکەن و هیچ گومانێک بۆ ئەوان جێنەهێڵن".

سیپان شێروانی گوتیشی، "بەپشوو درێژی و ئارامگرتن حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقدا کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی دەستووری ئەوان بڕوا و متمانەی ئێمە بەدەست بهێنن. ئەو وردبینییە کە کاتی خۆی دیوانی چاودێری و هەرێمی و فیدڕاڵی باش بەڕێوەچوو، لە زۆربەی قۆناغەکاندا جێگای دەستخۆشی بووە لای ئەوان، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە بەرامبەر بەو زانیارییانەی کە پێیان دراوە و روونکراوەتەوە بۆیان و دراوەتە دەستیان".

وەکو ئەوەی سیپان شێروانی باسی دەکات، " لە عێراقی نوێدا حکومەت زۆر لاوازتر بووە لە بەرامبەر چەند لایەنی سیاسی، یاخود حکومەتی عێراق چەندان جار لەژێر کاریگەری حزبی سیاسییدا بووە، رەنگە زۆر بڕیار هەبێت بە دڵی حکومەتی عێراق نەبێت، بەڵام لایەنی سیاسیی فشاری کردووە و قبووڵی کردووە، یاخۆد هەندێكجار هەندێك لە وەزیرەکان پابەند نابن بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، یا پابەندن بە ئەجندای حزبی خۆیان".

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق، بەسەرۆکایەتی محمەد شیاع سوودانی، "دەکرێت بڵێین زۆر باشترە لەو حکومەتانەی کە لە پێشتردا هەبوونە، حکومەتی سوودانی حکومەتێکی رژدە، نایەوێت کێشەی هەڵواسراو لە نێوان حکومەتی ‌هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بمێنێت، بەڵام کێشەکان حزب و لایەنی سیاسین".