دانیشتووانی گەڕەکی کانی سپیکەی سلێمانی دژی تاپۆنەکردنی خانووەکانیان گردبوونەوە

K24 – هەولێر:

هاووڵاتییانی دانیشتووی گەڕەکی کانی سپیکەی سلێمانی دژی تاپۆنەکردنی خانووەکانیان گردبوونەیەکیان ئەنجامدا و، هاوکات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و داواکارن خانووەکانی ئەوانیش هاوشێوەی گەڕەکەکانی دیکە تاپۆ بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەشێک لە هاووڵاتییانی گەڕەکی کانی سپیکەی سلێمانی رایانگەیاند، زیاتر لە 850 ماڵ بێ بەش دەکرێن لە تاپۆکردنی خانووەکانیان، هەروەها شوێنی خانووەکانیش وابڕیارە دەستی بەسەردا بگیرێت و بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە پێکدێت لە شووقە و خانوو.

هاوکات راشیانگەیاند، هاووڵاتییانی ئەم گەڕەکە چەندین ساڵە لە هەوڵدان کە خانووەکانیان تاپۆ بکرێت، بەڵام ئەوە چەندین ساڵە لەو مافە بێبەشن و لەکاتێکدا زۆرینەی گەڕەکەکانی دیکەی سلێمانی خانووەکانی تاپۆ کراوە.

دانیشتووانی گەڕەکی کانی سپیکە وەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن، چەند جارێکی دیکە گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە و بەڵام داواکارییەکانیان بە هەند وەرنەگیراوە، بۆیە ئەمڕۆ دووبارە گردبوونەوەیان ئەنجامداوە و بە گوتەی خۆیان، زۆرینەیان هەژارنشینن و توانای ئەوەیان نییە بچنە هیچ شوێنێکی دیکە و بتوانن خانوو بکڕن.

دانیشتووانی ئەم گەڕەکە هەروەها باس لەوەشدەکەن، هەموو چواردەوریان گیراوە بە کۆمپانیا، بەڵام بوونی ئەم کۆمپانیانە یاسایی نییە، هاوکات داواکارن لەلایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووە بێنە سەر هێل و چارەسەری کێشەکانیان بکەن.