پێشەوا هەورامانی: ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە یاری بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران نەکەن

پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌ركی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ یاری به‌ چاره‌نووسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌مووان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌دا یه‌ك هه‌ڵوێست بن بۆ داواكردنی مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی ئەمڕۆش دووبارە تیمی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان راسپارد کە بەو پەڕی شەفافی و ئامادەییەوە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی حکومەتی فیدراڵ بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان و نەهێشتنی هیچ دوودڵییەک لەلای حكومه‌تی فیدڕاڵ.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێویستی ده‌زانێت، ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانییە یاری سیاسی بەم بابەتە نەکەن و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست داوای مافی میللەت بکەن.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، شاندی هەرێمی كوردستان راپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی پێشکەش کردووە و روون و شەفاف وەڵامی هەموو شتێکی تێدا دراوەتەوە و لە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتیش لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان 28 پرسیار وەڵامیان دراوەتەوە ته‌نانه‌ت هەندێک پەرلەمانتاری عێراق گوتوویانە "ئێمە پێشتر نەمان زانیوە بابەتەکان بەم شێوه‌یه‌ن!"

پێشه‌وا هه‌ورامانی جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی دەستووری حکومەتی فیدراڵە و ده‌بێت وەک هەموو ناوچەیەکی دیکەی عێراق مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكرێت.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت پرسی مووچه‌ لە هەموو پرسێکی دیکە جیابکرێتەوە و وەک بارمتەیەکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، هەتا ئەو رۆژەش کە حکومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی فرۆشتووە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەم سەختی و ناڕەحەتییەیان نەبینی، کە ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە.