بەرپرسی کولتووری یونسکۆ لە عێراق: قەڵاتی هەولێر بووەتە میراتێکی جیهانی و وادەکەین لە هەموو دونیا رووی تێبکەن

دیوانی پارێزگای هەولێر.
دیوانی پارێزگای هەولێر.

K24 - هەولێر:

بەرپرسی کولتووری یونسکۆ لە عێراق لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئەوەی ئاشکرا کرد، لە ئاییندەیەکی نزیک هەولێر دەکەنە رووگەیەکی دێرین و مێژوویی جیهانیی و وای لێدەکەین لە هەموو دونیاوە رووی تێبکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ جونێد سروش والی، بەرپرسی کولتووری رێکخراوی یونسکۆ بۆ قسەکردن لەسەر بەرنامە و کاری هاوبەشی نێوانیان بۆ قەڵای هەولێر کۆبوونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی کولتووری رێکخراوی یونسکۆ لەسەر کار و بەرنامەی هاوبەشی ئاییندەیان گفتوگۆیان کردووە بەو ئومێدەی دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت لەگەڵ وەبەرهێنەران، ئاستی پڕۆژەکان فراوانتر بکەن.

لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، بەرپرسی کولتووری یونسکۆ لە عێراق لە دیدارەکەی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری قەڵاتی هەولێر کە ئێستا بووەتە میراتێکی جیهانی، لە پێشینەکانی یونسکۆیە. ئاماژەی بەوەشکرد، "یونسکۆ هەوڵدەدات بە باشترین شێواز و دیزایین کار بکات و لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا قەڵاتی هەولێر بکەن بە رووگەیەکی دێرین و مێژوویی جیهانی و لە هەموو دونیا رووی تێبکەن".

لە رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2014) قەڵاتی هەولێر خراوەتە لیستی میراتی جیهانی. ساڵی 2007 کۆمیسیۆنی باڵای بووژانەوەی قەڵای هەولێر بۆ سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە دامەزرا، بڕیاریشە لەسەر قەڵاتی هەولێر مۆتێل و چێشتخانە و کافتریا دروستبکرێ و 50 خێزان رێگەیان پێبدرێت لەسەریدا بژین.

کارزان حەیدەر