وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا: ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان نییه‌ دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌

K24 - هەولێر:

ئەڵمانیا رێکكاری توند بەرامبەر ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان له‌ ئه‌ڵمانیا نییە دەگرێتەبەر.

نانسی فێیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رایگەیاند، ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان له‌ ئه‌ڵمانیا نییە، دەبێت بە زووترین کات ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن.

ئاماژەی بەوەشدا، سزای ئەو کەسانەش دەدەن، بازرگانی بە منداڵەوە دەکەن.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هه‌روه‌ها گوتی: "دڵنیایی ئەوە دەدەین، ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان له‌ ئه‌ڵمانیا نییە، دەبیت بە زووترین کات وڵاتەکەمان جێبێڵن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێکكاری توند بۆ دیپۆرت کردنەوەیان دەگرینەبەر و لە داهاتووشدا، بە ئاسانی دەتوانین ئاسانتر قاچاخچییەکان دەربکەین و هەروەها، ئەو کەسانەش بازرگانی بە منداڵەوە دەکەن سزا دەدرێن."

رۆژی (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە دیداری مێری لەبارەی کێشەی کۆچبەرانی عێراقی کە لە وڵاتی ئەڵمانیان، پرسیار لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات و دەڵێت: بڕوام وایە نزیکەی 30 هەزار عێراقی لە ئەڵمانیا کە خۆیان بۆ پەنابەری تۆمارکردبوو، داواکارییەکەیان رەتکرایەوە، ئایا دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق؟، لە وەڵامدا كريستيانه‌ هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق گوتی: "بەڵێ راستە نزیکەی 30 هەزار عێراقی مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا پێنەدراوە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و ژمارەیەکیشیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان".

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەمە بەشی دووەمیشی هەیە، چونکە دەرفەتی هاتنی یاساییمان بۆ ئەڵمانیا زیاد کردووە ئەگەر کارت هەبێت و دەتوانیت وەک دەستی کار بگەڕێیتەوە، واتا شەقامێکی دوو ئاراستەییە".

ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو لە وڵاتی ئەڵمانیا تا کۆتایی ساڵی رابردوو، سێ ملیۆن پەنابەری تێپەڕاندووە. یەک لەسەر سێی ئەوانەش خەڵکی ئۆکراینین و لە دوای ئەوانیش سووریین. زۆربەی ئەو داواکارییانەی کە لە ماوەی ساڵی 2022ـدا پێشکەشکرابوون بۆ پەنابەری وەرگیراون، لە بەرامبەردا 255 هەزار کەس ناچاربوون ئەڵمانیا بەجێبهێڵن دوای ئەوەی داواکاری مافی پەنابەرێتییان رەتکرایەوە.

رۆبێرت هابێک وەزیری ئابووری ئەڵمانیا پێشتر لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو، زۆرێک لە شارەوانییەکانی ئەڵمانیا چیتر ناتوانن شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو کۆچبەرانە دابین بکەن کە دەگەنە ئەو وڵاتە.