ساموێل وۆربێرگ: پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە هەیە

ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی هەرێمیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا پشتگیری لە دامەزراندی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات، هاوکات پشتگیری لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات دژی بزووتنەوەی حەماس، لەبارەی بوونی بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق گوتی: "لەسەر داوای حکومەتی عێراق بنکە سەربازییەکانمان لە عێراق هەیە، هەروەها ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە هەیە".

ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، "ئێمە وەک ئەمەریکا دەمانەوێت وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە هاووڵاتییانی خۆمان بپارێزین، هەروەها تا ئێستا هەندێک هاووڵاتیی ئەمەریکی بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، جەخت لەسەر ئازادکردنیان دەکەینەوە و جەختیش لە پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی هاوبەشمان ئیسرائیل دەکەیەنەوە".

هاوکات راشیگەیاند، تەواوی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەڵەستینی بەبێ هیچ مەرجێک دەنێرین، هەموو هەوڵ و کۆششی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێبێت و هاووڵاتی زیاتر نەبێتە قوربانی لەو جەنگە.

لەبارەی ژمارەی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان کە بێسەروشوێن و کوژراون لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت: "تاوەکو ئێستا 33 هاووڵاتیی ئەمەریکی لەلایەن حەماسەوە کوژراون و 10 هاووڵاتییش بێسەروشوێنن و زانیاریمان لەبارەیانەوە نییە".

لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆسەر بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، ساموێل وۆربێرگ باس لەوە دەکات، ئێران پەیوەندی بەو هێرشانە هەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێتە سەر بارەگاکانی سوپای ئەمەریکا. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە هەموو رێوشوێنێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانمان، ئێمە پەیوەندییکی زۆر بەهێزمان لەگەڵ تەواوی هێزە عێراقییەکان هەیە، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە، ئێمە پێمان وایە ئەو هێرشانەی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامدرا تەنیا دژی ئەمەریکا نییە بەڵکو دژی عێراقیشە، هێزەکانی ئێمە لەسەر داواکاری حکومەتی عێراقی لەم وڵاتەن".

گوتەبێژی هەرێمیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، باسی لە پاڵشتی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئەمەریکا پەیوەندییەکی دێرین و مێژوویی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، هەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێمە هاوپەیمانن بوونە و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتییان دەکەین. لەبارەی فەڵەستینیش ئاماژەی بەوەدا، فەڵەستین مافی خۆیەتی دەوڵەتی هەبێت و پشتگیریشیان لێ دەکەین و هەر وەک جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی پێدا، هەروەها کار بۆ ئەوە دەکەین کە گەلی فەڵەستین بە مافەکانیان بگەن، بەڵام ئەوەی رێگری دەکات لەوەی گەلی فەڵەستین بە مافەکانی خۆی بگات حەماسە، بۆیە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات دژی حەماس".

ساموێل وۆربێرگ، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، هەر دەوڵەتێک هێرشی تیرۆرستی بکرێتە سەر مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و ئێمە پشتگیری لە هەموو دەوڵەتێک دەکەین بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەوە گرووپە تیرۆرستییانە ببێتەوە کە هێرشیان کردووەتە سەریان، هەروەک بلینکن ئاماژەی پێدا، 30 دەوڵەت هاووڵاتییانیان لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون، بۆیە حەماس هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان.

لەبارەی پەیوەندی ئێران بە هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، گوتەبێژی هەرێمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گوتی: "ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە ئەوە پشتڕاستبکاتەوە ئێران لەپشت هێرشەکەی حەماسەوە بێت بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئیران و حکومەتی ئێران پاڵپشتی لە حەماس ناکات، بەڵام ئێران گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا پارەدار دەکات".

گوتیشی: "حەماس رێکخراوێکی تیرۆرستییە پارەی خەڵک دەدزێت و یارمەتییە مرۆییەکان دەدزێت و داهاتی گەلی فەڵەستین بە چەک دەدات". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا کات بۆ ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دەستنیشان ناکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2023) بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، چاوەڕێی هەلومەرجی گونجاو دەکەن بۆ چوونە ناو غەززە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، دەبێت خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززەوە بەرەو باشووری کەرتی غەززە بچن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، راشیگەیاند، ئامادەن بۆ هێرشی زەمینی بۆسەر کەرتی غەززە، بەڵام هێشتا کاتی هێرشی زەمینییان دیارینەکردووە.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون.