بڕیارده‌ری لیژنه‌ی فه‌توا و پارێزه‌رێكی راوێژكار روونكردنه‌وه له‌سه‌ر وه‌رگرتنی كرێی ماندوبوونی پارێزه‌رایه‌تی ده‌ده‌ن
K24 - هەولێر:
له‌باره‌ی كرێی ماندووبوونی پارێزه‌ر و فه‌توای یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، دكتۆر حه‌سه‌ن پشده‌ری بڕیارده‌ری لیژنه‌ی فه‌توا، له میانه‌ی به‌شداری له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، رایده‌گه‌یه‌نێت، پارێزه‌ر به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بریكاره و كارێكی پیرۆزه و ئاساییه كرێ له به‌رامبه‌ر كاره‌كانی وه‌ربگرێ.
ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گومانه، كه ئێمه وه‌ك لیژنه‌ی فه‌توا رامانگه‌یاندووه، وه‌رگرتنی كرێی ماندوبوونی پارێزه‌رایه‌تی (أتعاب المحاماه) له‌و كه‌سه‌ی كه هه‌موو ده‌عواكه‌ی یان به‌شێكی دۆڕاندووه، حه‌رامه، ئه‌مه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پابه‌ندی شه‌ریعه‌تی ئیسلامن".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه غازی حه‌مید پارێزه‌ری راوێژكار له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، كاری پارێزه‌رایه‌تی به یاسا رێكخراوه، لیژنه‌ی فه‌توا بابه‌ته‌كه‌یان له وه‌رگرتنی كرێی ماندوو بوونی پارێزه‌ر كورتكردووه‌ته‌وه، روون نییه بۆچی یه‌كێتی زانایان ئه‌م بڕه پاره‌یان حه‌رامكردووه.
هه‌روه‌ها دكتۆر حه‌سه‌ن پشده‌ری له وه‌ڵامدا گوتی: "وه‌رگرتنی پاره‌ی بێ به‌رامبه‌ر له شه‌ریعه‌تی ئیسلامی حه‌رامه، ئێمه دواجار ده‌زگایه‌كی فیقهی و شه‌رعین، وه‌ڵامی موسڵمانانی پابه‌ند به ئایین ده‌ده‌ینه‌وه، شه‌ریعه‌ت به ئێمه ناگۆڕدرێت".
هه‌روه‌ها غازی حه‌مید پارێزه‌ری راوێژكار رایگه‌یاند، فه‌تواكه‌ی یه‌كێتی زانایان هه‌ڵه‌ی زه‌قی تێدایه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك شتی پێچه‌وانه‌ی یاساشی تێدایه.
پێشتریش سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان له باره‌ی فه‌توایه‌كی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوكرده‌وه.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه: ئەنجوومەنى باڵاى فەتواى یه‌كێتی زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان، لە رۆژى 24/10/2023 فەتوایەکی بڵاوکردووه‌ته‌وه کە ئەنجوومەن بە كۆی ده‌نگی ئه‌ندامه‌كانی پێیانوابووە وه‌رگرتنی كرێی ماندوبونی پارێزه‌رایه‌تی (أتعاب المحاماه) له‌و كه‌سه‌ی كه هه‌موو ده‌عواكه‌ی یان به‌شێكی دۆڕاندووه، حه‌رامه و پێویسته پارێزه‌ران وه‌رینه‌گرن، با دادگاش دیاری بكات و پێی بدات.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه: ئێمە لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، پێمانوایە لەیەک تێنەگەیشتن هەیە و پرسیارەکە وەک خۆى و بە تەواوى لایەنەکانى ئەنجوومەنى فەتوا نەگەیشتووە.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: ماندووبوونى پارێزەرایەتیى بە گوێرەى یاسای پارێزەرایەتیى و یاسا بەرکارەکان دیاریكراوە، کە لە سەرچاوەى شەریعەتى ئیسلامی و عورفى کۆمەڵگه‌ى کوردەوارییى و ياساكانى هاوشێوەى پارێزەرایەتیى وڵاتانى ئیسلامییەوە هاتووە، کە زۆرینەى موسڵمانن و پابەندن بە پرنسیپەکانى ئیسلامەوە.
سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان دواجار رایگه‌یاند، لە رۆژانى داهاتوو لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک و ئەنجوومەنى فەتوا لەسەر هێڵ دەبین و بابەتەکەیان بە تەواوى بۆ روون دەکەینەوە و بەرچاوروونیان لەمبارەیەوە پێ ڕادەگەیەنین .
ده‌قی فه‌تواكه‌ی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام:
دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پارێزه‌ری به‌ڕێز پرسیارێكیان ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا كرد سه‌باره‌ت به (حوكمی وه‌رگرتنی كرێی ماندوبونی پارێزه‌رایه‌تی (أتعاب المحاماه)، كه دادگا بڕیار ده‌دات ئه‌و كه‌سه‌ی كه هه‌موو ده‌عواكه‌ی یان به‌شێكی دۆڕاندووه بڕێك پاره بدات به پارێزه‌ری براوه له ده‌عواكه‌دا، بێجگه له‌وه‌ی كه كه‌سی دۆڕاو ده‌بێت پاره‌ش بدات به پارێزه‌ره‌كه‌ی خۆی) ئه‌نجوومه‌ن له دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له به‌رواری 6/صفر/1445ه = 22/8/2023 دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌ڵگه شه‌رعیه‌كان و مه‌به‌سته باڵاكانی شه‌ریعه‌ت به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی دانه‌وه:
ئاشكرایه كه كاری پارێزه‌ری كارێكی پیرۆز‌و دروسته و له فیقهی ئیسلامی‌دا ده‌چێته خانه‌ی بریكاری به كرێ (الوكالة بالأجر) به به‌ڵگه‌ی قورئانی پیرۆز و فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ر – صلی الله علیه وسلم- و كۆده‌نگی زانایان، ئه‌نجوومه‌ن له فه‌توایه‌كی تایبه‌تدا له میانه‌ی دیاریكردنی داڕشته‌كانی كاری پارێزه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ی ڕوون كردووه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌ن كراوه، ئه‌نجوومه‌ن به كۆی ده‌نگی ئه‌ندامه‌كانی پێیان وابوو كه وه‌رگرتنی كرێی ماندوبونی پارێزه‌رایه‌تی (أتعاب المحاماه) له‌و كه‌سه‌ی كه هه‌موو ده‌عواكه‌ی یان به‌شێكی دۆڕاندووه حه‌رامه و پێویسته پارێزه‌ران وه‌رینه‌گرن، با دادگاش دیاری بكات و پێی بدا، وه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر رێككاره ئیدارییه‌كان وه‌ریشیان گرت، پێویسته بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ خاوه‌نی و، ده‌بێت ته‌نها ئه‌و پارێزه‌ره براوه‌یه مافی ماندووبوونی خۆی به‌ته‌واوی له بریكار بۆ كراوه‌كه‌ی خۆی وه‌ربگریت، چونكه وه‌رگرتنی ئه‌و كرێیه یان ئه‌و پاره زیاده‌یه له‌به‌رامبه‌ر هیچ كارێك نییه و له هیچ بابێكی شه‌رعی جێگه‌ی نابێته‌وه، بۆیه ده‌چێته خانه خواردنی ماڵی خه‌ڵكی به به‌تاڵ و بێ به‌رامبه‌ر خوای په‌روه‌دگاریش ده‌فه‌رموێت: [وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِل]{سورة البقرة، الآية: 188} .
له كۆتاییدا ده‌ست خۆشیمان هه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و پارێزه‌ره به‌ڕێزانه‌ی مه‌به‌ستیانه پابه‌ند بن به شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه و ده‌یانه‌وێت به‌دوای پاره‌ی حه‌ڵاڵدا بگه‌ڕێن و دادپه‌روه‌ری بهێننه‌دی. وه داوا له سه‌ندیكای پارێزه‌ران ده‌كه‌ین كه كار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی رێككاره شه‌رعییه‌كان له‌م بابه‌ته‌دا.
والله تعالی أعلم
وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وأصحابه أجمعین.
ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا