کارمەندی نەخۆشخانەیەکی غەززە: خه‌ریكه‌ كفن له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان‌ نامێنێت

K24 – هەولێر:

باوکی عەمار، کارمەندی مردووخانەی نەخۆشخانەیەکی غەززە رایدەگەیەنێت، "ئەو کفنانەی کە بۆ پێچانەوەی مردووەکان بەکاریدەهێنین خەریکە لە نەخۆشخانەکەمان نامێنێت و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی مردووان بەرز دەبێتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی 2023) باوکی عەمار، کارمەندی مردووخانەی نەخۆشخانەیەکی غەززە، رایگەیاند، لە سەرەتای هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە، رۆژانە سەدان تەرممان بۆ دێت، ئەو ژمارەیەی ئێستا هەیە پێشتر بە یەک مانگ بۆمان نەدەهات.

ئاماژەی بەوەدا، ئەو حاڵەتانەی بۆمان دێت، حاڵەتی زۆر سەختن، جەستەی پارچە پارچە بوو، منداڵ، پارچەی منداڵی بچووک، دیمەنی وا دێتە پێشچاومان کە کەس بەرگەی بینینیان ناگرێت، ناوبراو دەڵێت: "پێشتر لەسەر بینینی ئەو دیمەنانە رانەهاتبووین، جەستەکان سوتاوون، جەستەکان پارچە پارچە بوون وەک ئەوەی لە نانەوخانە دەرچووبن".

باوکی عەمار، باسی لەوەشکرد، ئەو کفنانەی هەمانبوو وەک پێویست نەماوە، هەروەها داوامان لە چەند لایەک کردووە بۆمان دابین بکەن، بەڵام ئەوەی بۆشمان دابین دەکرێت بەشی تەنها دوو رۆژ ناکات.

ئەو کارمەندە، گوتیشی: مردوو خۆی بە سێ پارچە کفن دادەپۆشرێت، بەڵام ئێمە ئێستا تەنها بە یەک پارچە دایدەپۆشین و کفنی دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین کفنی پێویست بۆ ئەو هەموو ژمارە زۆرەی قوربانییان دەستەبەر بکەین کە رۆژانە بۆمان دێت.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە زیاتر لە 750 کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات بەپێی وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل لە هێرشە سەرەتاییەکەی حەماسدا گیانیان لەدەستداوە.

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیواکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون.