سوپای پاسداران: ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر غەززە بە خاکیان دەسپێرین

حوسێن سەلامی، فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران
حوسێن سەلامی، فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران

K24 - هەولێر

سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە سوپای ئیسرائیل  و دەڵێت، ئەگەر هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە ئەنجام بدەن، لەوێ بەخاکیان دەسپێرن. دەشڵێت، وڵاتانی زلهێز بە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تووشی شۆک بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی 2023، رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی تاڕادەیەک گەورەیان بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجی هێرشە زەمینیەکانی ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی پێگەکانی حەماس بووە لە کەرتی غەززە".

لەبارەی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە، حوسێن سەلامی، فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دایە ئەو وڵاتە و گوتی، "ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر کەرتی غەززە، بە خاکیان دەسپێرین".  

فەرماندی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، زلهێزەکانی جیهان بە ئۆپەراسیۆنکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل "تووشی شۆک بوون". گوتیشی، "خاك و نیشتمانی ئیسلامییەکان بووەتە قوربانی سیاسەتەکانی ئەمەریکا، بەڵام لەداھاتوویەكی نزیكدا خۆری ئەمەریكا ئاوا دەبێت و تووشی شكستێكی گەورە دەبێت و دەسەڵاتی کەمدەبێتەوە".

لەلایەن خۆیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە رایگەیاند، "دەستێوەردانی زەمینی و بە ئامانجگرتنی گرووپە تیرۆریستەکان دەبێت بەشێوەیەک بێت کە خەڵکی سڤیل بپارێزرێت و، پێموایە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی سەر غەززە هەڵەیە".

سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی: "فەرەنسا دان بەوەدا دەنێت و ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە خۆی و خەڵکەکەی هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت رێز لە خەڵکی سڤیلیش بگرێت. بەهەمان شێوە دەستێوەردانی زەمینی و بە ئامانجگرتنی گرووپە تیرۆریستەکان بەدڵنیاییەوە دەبێت بەشێوەیەک بێت وەکو گوتم خەڵکی سڤیل بپارێزێت. هێرشی زەمینی ژیانی خەڵکی دەخاتە مەترسییەوە و پێموایە کارێکی هەڵەیە؛ هەڵەیە بۆ ئیسرائیلیش چونکە لە دوور مەودا پارێزراو نابێت و رێز لە خەڵکی سڤیل و یاسا مرۆییەکان و یاسانی جەنگیش ناگیرێت."

جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکاش بە ئاشکرا گوتوویەتی تاوەکو بارمتەکان لە دەستی حەماس رزگار نەکرێن، نابێت هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە ئانجامبدرێت. ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ی راگەیاند، ئیسرائیک وڵاتێکی سەربەخۆیە و خاوەک هێز و سوپای خۆیەتی، ئەوەی بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی زەمینی دەدات ئیسرائیلە نەک ئەمەریکا.

پێشتر لەوبارەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتبووی: "هەموو ئەندامی حەماس وەک مردوو هەژماردەکرێن. لەسەر زەوی و ژێر زەوی، لەناو غەززە و دەرەوەی غەززە. تاکە شتێک لە پێش چاومانە پاراستنی وڵاتەکەمان و سەرکەوتنمانە. دۆزەخ بەسەر حەماسدا دەبارێنین و ئیستا هەزارن تیرۆریستمان لەناوبردووە. ئەمە تەنیا سەرەتایە".