لە ئێران هەر خانمە هونەرمەندێک لەچک نەپۆشێت کارکردنی لێ قەدەغە دەکرێت

محەمەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری رۆشنبیری ئێران
محەمەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری رۆشنبیری ئێران

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی حکومی ئێران رایگەیاند، کاربەدەستانی ئێران رێگرییان لەچەند خانمە ئەکتەرێک کردووە بەشداریی لە فیلمە نوێیەکاندا بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی بەبێ لەچک دەرکەوتوون.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، محەمەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری رۆشنبیری ئێران، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە، "ئەوانەی پابەندی یاسا نین مافی کارکردنیان نییە".

ئەم لێدوانانە رۆژێک دوای ئەوە هات، حەبیب ئێڵبەکی، بەرپرسی کەرتی سینەما رایگەیاند، زیاتر لە 12 ئەکتەر رێگرییان لێکراوە بەشداری لە بەرهەمە نوێیەکاندا بکەن، چونکە یاسای باڵاپۆشییان پێشێل کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم خانمە ئەکتەرانە "ناتوانن بەشداری لە وێنەگرتنی فیلمی نوێدا بکەن"، روونیشیکردەوە، ئەوانەی کە پێشتر وێنەیان گیراوە پیشان دەدرێن بۆ ئەوەی لە ئەنجامی قەدەغەکردنەکەیان زیانێکی دارایی گەورەیان بەرنەکەوێت.

زۆرێک لە خانمە ئەکتەرە ئێرانییەکان لە ساڵی رابردوو لە بەردەم خەڵک بەبێ لەچک دەرکەوتن و وێنەکانییان لە سۆشیال میدیاوە بڵاوکرایەوە.

رۆژنامەی "هەمشەهری" سەر بە شارەوانی تاران بڵاویکردەوە، هەندێک لەو خانمە ئەکتەرانەی ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە لە بەناوبانگەکانن وەک، تەرانە عەلی دۆستی، کتایۆن ریاحی، فاتیمە موعتەمید ئاریا و بانتا بەهرام.

تەرانە عەلی دۆستی دوای پشتگیریکردنی خۆی بۆ نارەزایەتییەکانی ساڵی 2022، ماوەی سێ هەفتە دەستگیرکرا.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، لە مانگی نیساندا، پۆلیس سکاڵای لە دژی ریاحی و بەهرامی تۆمارکردبوو، بەتاوانی لابردنی لەچکەکانییان و بڵاوکردنەوەی وێنەیان لە ئینتەرنێت.

دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22ساڵ، لەساڵی 2022 دا، شەپۆڵێکی نارەزایەتی گەورە ئێرانی گرتەوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 500 کەس، هەروەها زیاتر لە 20 هەزار کەس دەستگیرکراون، بەرپرسانیش دەڵێن بەدەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکان بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.