سوید بڕیاریدا ماوەی مانەوەی سەلوان مۆمیکا لە وڵاتەکەی نوێ نەکاتەوە

سەلوان مۆمیکا
سەلوان مۆمیکا

K24 – هەولێر:

دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوید بڕیاریدا ماوەی مانەوەی سەلوان مۆمیکا لە وڵاتەکەی نوێ نەکاتەوە و دوای کۆتاییهاتنی وادەی مافی مانەوەی ئێستای لە مانگی چواری ساڵی داهاتوو، لە سوید دووری بخاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە سوید رایگەیاند، دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوید بڕیاریداوە ماوەی مانەوەی سەلوان مۆمیکا نوێ نەکاتەوە کەوا بڕیارە لە 16ـی نیسانی ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت.

بەگوێرەی بڕیارەکە کە میدیاکانی سویدیش بڵاویان کردووەتەوە، سەلوان مۆمیکا ناچار دەبێت وڵاتی سوید جێبهێڵێت و بۆ ماوەی پێنج ساڵیش مافی گەڕانەوە و سەردانیکردنی نییە بۆ ئەو وڵاتە.

ئەم بڕیارەی سوید دوای ئەوە هات چەندین وڵاتی ئیسلامی رەخنەیان لەو وڵاتە گرت، کە هیچ رێگرییەک لە هەڵسوکەتەکانی سەلوان مۆمیکا ناکات بۆ بێرێزیکردن بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان و سووتاندنی کۆپییەک لە قورئان، کە دووبارە کردنەوەی ئەو کارەی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە لەلایەن موسڵمانانەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی سوید دروست کرد لە وڵاتە ئیسلامییەکان.

لەلایەن خۆیەوە، سەلوان مۆمیکا بە میدیاکانی سویدی راگەیاندووە، تانە لەو بڕیارە دەدات و لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکات بۆ ئەوەی ماوەی مانەوەی لە وڵاتی سوید بۆ درێژبکرێتەوە.

لە کۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو، دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوید سەبارەت بە مافی نیشتەجێبوونی سەلوان مۆمیکا رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سویدەوە پێی گەیشتووە، ئێستا پاساویان لەبەردەستایە بۆئەوەی پشکنین بۆ مافی نیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە عێراقییە بکەن، تا بڕیار لەسەر درێژکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی بدەن.

رۆژی (28ـى حوزەیرانى 2023) کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەک لە "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند، لە 19ـی تەمووزیش داوای کرد رێگەی پێبدرێت لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم کۆپیەکی قورئان بسووتێنێت. ئه‌و ره‌فتارانەی مۆمیکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سویدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.