سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل وەڵامی کوردستان24 دەدەنەوە

سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کوردستان24.
سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کوردستان24.

K24 – برۆکسل:

سەکردەکانی یەکێتی ئەوروپا  پێیان وایە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و، هاوکات جەختیان لە ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە کردەوە. سەرکردەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت حەماس بە یەکجاری لەناو بچێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس، جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

گیتاناس نوسێدا، سەرۆکی لیتوانیا، لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس وەڵامی کوردستان24ـی دایەوە و گوتی: "بێگومان زۆر گرنگە، خەڵکی سڤیل نەکرێنە قوربانی، هاوکات ئێمە لەوە تێدەگەین و پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەکەین و گرنگە ئەو کارە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بکرێت".

هاوکات گوتیشی: ئێمە بڕوامان وایە زۆر گرنگە رێرەوی مرۆیی بکرێتەوە و رێگری لە قوربانی خەڵکی سڤیل بکرێت. چونکە ئەمە دەبێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی.

لەلایەکی دیکەوە، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، رایگەیاند، گفتوگۆ دەربارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەکەین و ئامادەین لە ژێری ناوی قەیرانی مرۆیی هاوکاری و پشتیوانی پێشکەش بکەین".

پێتری ئۆرپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلەندا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24دا دەڵێت: بە بڕوای من گرنگترین شت ئەوەیە، خەڵکی غەززە هاوکاری مرۆییان بەدەست بگات و پێویستە ئێمە رێگایەک بدۆزینەوە چۆن ئەو کارە بکەین. گوتیشی: "هیوادارین دەرگاکان کراوە بن".

لەلایەن خۆیەوە مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، بە کوردستان24ـی گوت:" ئیسرائیل داهاتووی نابێت ئەگەر نەتوانێت حەماس تێکبشکێنێت، پێویستە لە دژی حزبوڵڵا و، ئێستا بە دیاریکراوی لە دژی حەماس بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. ئایە ئیسرائیل چۆن ئەم کارە دەکات، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری ئسیرائیل".

هاوکات ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە دڵنیابینەوە گرژییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەرێمی پەرەناسێنن و هاوکارییە مرۆییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ غەززە زیاد بکرێت و بەتەواوی پشتیوانی ئیسرائیل دەکەم لە رووبەڕووبوونەوەی حەماس.

گوتیشی: پێویستە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات نەخۆشخانەکان دەست بەکارکردن بکەنەوە. دەبێت ئاو، کارەبا و سووتەمەنی بگەیێندرێتە غەززە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، رووسیا و ئۆکرانیا. ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە دەستیپێکرد، کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لەوبارەیەوە بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24، لە برۆکسل رایگەیاند، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسیان لە ناردنی هاوکاری مرۆیی دەکرد بۆ خەڵکی غەززە، هاوکات سەرکردەکانی ئەوروپا لەو کاتە دەیانەوێت حەماس بەتەواوی لەناو بچێت، ئینجا باسی ئاشتی و ئاگربەست بکرێت، هەروەها ژمارەیەک لە سەرکردەکان لەگەڵ ئەوەدان هاوپەیمانییەک دژی بزووتنەوەی حەماس دروستبکرێت هەروەکو چۆن هاوپەیمانییەک لە دژی داعش درووستبوو، لە ئێستادا چەند کاروانێکی هاوکاری گەیشتووەتە سەر سنووری غەززە، فەرەنساش بڕیاری داوە بەم نزیکانە کەشتییەکی پێداویستی پزیشکی و خواردن بنێرێت بۆ نزیک کەنارەوەکانی غەززە.

بەیانیی رۆژی شەممە، (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە هەزاران چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی فەڵەستین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، بۆ 7 هەزار و 18 کەس بەرزبووەتەوە و "زۆرینەی قوربانیان ژن و منداڵن".

هاوکات بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئەمڕۆ؛ بەهۆی بۆردوومان و هێرشی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکەش بریندارن.