رێگەپێدراوی لیستی پارتی لە کەرکووک: کۆمیسیۆن سەرجەم کاندیدەکانی پارتی پەسەندکرد و پارێزگای کەرکووک بۆ ئێمەیە
K24 – کەرکووک:
رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرایکرد، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم کاندیدەکانی لیستی پارتی پەسەندکردووە و جەختی کردەوە، دەبنە دەنگی یەکەمی کەرکووک و کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر دەکەنە پارێزگاری کەرکووک.
رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرجەم کاندیدانی لیستەکەیان، هەموو مەرجە یاساییەکان کە پێویستە لە کاندید تێیاندا هەبووە و هیچ کاندیدێکی پارتی پێشنەی بەعەسی بوون یان پێشینەی تاوانیان نەبووە و و لەلایەن کۆمیسیۆنە پەسەندکراون.
سامان رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، 30 کاندیدی هەیە و بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و دڵنیان "بە پشتیوانی خوای گەورە و جەماوەری خۆڕاگری کەرکووک" دەنگی یەکەمی کەرکووک دەبن.
هەروەها سامان رەشید باسی لەوەشکرد، وەک پارتی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوانە و دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنیش، "کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر دەکەن پارێزگاری کەرکووک".
رۆژی هەینی (20ـی تشرینی یەکەمی 2023) عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 300 کاندید بێبەشکراون له بهشداریكردن له پرۆسهی ههڵبژاردنهكان، بەشێوەیەک 197 کاندید بۆ رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری و 102 کاندیدیش بەهۆی بوونی تاوان لە تۆمارەکانیان دوورخراوەنەتەوە، هەروەها کاندیدێکش بەهۆی ئەندامبوونی لە ئاسایشی نیشتمانی و کاندیدێکیش بە تۆمەتی تیرۆر، کاندیدێکیش بەهۆی رێکارەکانی دەستپاکی و و 19 کاندیدی دیکەش بەهۆی بەرجەستەنەبوونی مەرجەکانی کاندیدبوون دوورخراوەنەتەوە.
رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجامی تیروپشکەکەدا، ژمارە 197ـی بۆ دیاریکرا.
وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق ئەنجام بدرێت کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لیست و لایەنە جیاوازەکانی کەرکووک لەسەر 15 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کێبڕکێ دەکەن.
هاوکات بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن پارتییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێشکەشکراوە کە پارتی بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکات و حەسەن مەجید رەشید، سەرۆکی لیستەکە دەبێت و نوێنەری تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی پارێزگاکەی لەخۆگرتووە و سەرجەم چین و توێژەکان، پسپۆرییە جیاوازەکان و ناوچە جوگرافییەکانی پارێزگای کەرکووکیش نوێنەریان لە لیستەکەدا هەیە.
رۆژی (12ـی ئابی 2023) کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەند پەرلەمانتارێکی کەرکووک و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک ئەنجامدرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کۆمیسیۆن ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 بکاتە بنەما بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.
لە ماددەی 13ـی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەو خاڵە جێگیرکراوە کە ئاماری سەرژمێری ساڵی 1957 یەکێک بێت لە بنەماکانی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک.
لە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023ـدا، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 7765 بنکەی دهنگدان کە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژمارهیان 214 هەزار و 595 کارمەندە.