کۆمپانیای هیلالی ئیماراتیی: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەکەین

مەجید جەعفەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتیی
مەجید جەعفەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتیی

K24 - واشنتن:

مەجید جەعفەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتیی رایگەیاند، جێگەی شانازییە لە ساڵی 2007ـەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین. گوتیشی: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەجید جەعفەر سەرۆکی جێبەجیکاری کۆمپانیای هیلالی ئیماراتیی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، جێگەی شانازییە لە ساڵی 2007ـەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین، هەروەها لە ساڵی 2008 دەستمان بە بەرهەمهێنانی غاز کردووە.

ئاشکراشی دەکات، ئاستی بەرهەمهێنانی گازیان رۆژانە لە 80 ملیۆن پێ سێجا بۆ 400 تا 500 ملیۆن زیادکردووە، ئەمەش 85% کارەبای هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت، تا هاوینی داهاتوو ئاستی وەبەرهێنانی غازی رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجا زیاد دەکەین.

دەشڵێت:"ئێمە توانیمانە 15 ترلیۆن پێ سێ جا غاز بەرهەم بهێنین، سەرچاوەی پێویستیش بەردەستە بۆ زیادکردنی ئەو بڕە بۆ 18 ترلیۆن پێ سێ جا، بۆیە غازی پێویست هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان".

ناوبراو گوتیشی: "ئامانجی ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرە و، لە راستیدا ئێستا هەرێمی کوردستان کارەبا بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دابیندەکات. سەرنجی خستە سەرئەوەش، تەنانەت گفتوگۆ دەکەین بۆ دابینکردنی غازیش بۆ پارچەکانی دیکەی عێراق.