پێگه‌ی ئه‌لمۆنیتۆر: ده‌رگای دۆزه‌خ به رووی ناوچه‌كه‌دا ده‌كرێته‌وه
K24 - هەولێر:
پێگه‌ی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا ئاماژه به هێرشی گروپ و میلیشیا چه‌كداره‌كانی هاوسۆزی ئێران بۆ سه‌ر بنكه و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و ناوچه‌كه ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌عێراق ژوورێكی تایبه‌ت به ئۆپه‌راسیۆنی حه‌ماس به به‌شداری سێ گروپی چه‌كداری عێراقی دامه‌زراوه. ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كلیله‌كه ئێستا به ده‌ستی ئیسرائیله‌وه‌یه، گه‌ربێتو ئۆپه‌راسۆنی زه‌مینی له غه‌ززه ئه‌نجام بدات، ئه‌وا حزبوڵڵا و ئێرانییه‌كان و گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراقیش ده‌رگای دۆزه‌خ به‌ڕووی هه‌موواندا ده‌كه‌نه‌وه.
پێكهێنانی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ پشتیوانی له حه‌ماس له‌عێراق، هۆشداری سه‌رهه‌ڵدانی دۆزه‌خێك له ناوچه‌كه، راپۆرتێكی پێگه‌ی ئه‌لمۆنیته‌ری ئه‌مه‌ریكییه له‌سه‌ر تێوه‌گلانی راسته‌وخۆی گروپه چه‌كداره‌كانی عێراق له‌شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، تائێستا سه‌ركرده‌ی گروپه‌كانی به‌رگری له‌عێراق له‌باره‌ی به‌شداریكردنی راسته‌وخۆیان له‌و شه‌ڕه‌دا یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به ئامانجگرتنی پێگه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریاش بیروڕای جیاوازیان هه‌یه.
پێگه‌ی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، راگه‌یاندنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ پشتیوانی له تۆفانی ئه‌قسا له‌لایه‌ن كه‌تائیبی حزبولڵای عێراقییه‌وه بۆ سه‌رپه‌رشتی و پاڵپشتی گروپه‌كانی به‌رگری عێراق له حه‌ماس، عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق و رێكخراوی به‌در له‌و ژووره‌دا به‌شدارن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووه، ئێستا گروپه‌كانی به‌رگری، بژارده‌ی بەشداری چه‌كدارییان لەپاڵ حەماسدا نییە، به‌جۆرێك به‌شێك له گروپه‌كانی به‌رگری له هێرشه له‌ناكاوه‌كه‌ی حه‌ماس نیگه‌رانن كه به‌بێ هه‌ماهه‌نگی ئه‌وان هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه. سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌و گروپانه رایگه‌یاندووه، تێوه‌گلانی راسته‌وخۆی سه‌ربازی له‌شه‌ڕی غه‌ززه بۆ ئه‌وان هێڵی سووره، بۆیه دەستوەردان ناکەن مەگەر ئه‌وكاته‌ی ئیسرائیل له‌ڕێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی وشكانییه‌وه غەززە داگیر بكات.
ئه‌لمۆنیتۆر له راپۆرته‌كه‌یدا روونیكردووه‌ته‌وه، ئێران نایه‌وێ گروپه‌كانی به‌رگری سه‌ر به تاران به‌شداری له شه‌ڕی حه‌ماسدا بكه‌ن، سەرکردەکانی سوپای پاسدارانیش لەوانە ئیسماعیل قائانی کە بەرپرسە لە دۆسیه‌ی عێراق، له‌كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاندووه، ئه‌و زیانانەی لە ئەنجامی بەشداری هەر یەکێک لەو گروپانه دێتە ئاراوە، زیانی له قازانجه‌كه‌ی زۆرتر ده‌بێت و ناوچه‌كه راده‌كێشێته ناو جه‌نگێكی كراوه و كۆنتڕۆڵ نه‌كراو، بۆیه ئێران رێگەی بە گروپه چەکدارەکانی عێراق، لوبنان، سوریا و یەمەن داوە ژماره‌یه‌ك ئۆپەراسیۆنی سنووردار له‌دژی ئه‌مه‌ریكا ئەنجام بدەن، بەمەرجێک ئەو ئۆپەراسیۆنانە زیانێکی سنوورداریان لێبکەوێتەوە.
له‌كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، كلیله‌كه ئێستا به ده‌ستی ئیسرائیله‌وه‌یه، گه‌ربێتو ئۆپه‌راسۆنی وشكانی له غه‌ززه ئه‌نجام بدات، ئه‌وا حزبوڵڵا، ئێرانییه‌كان و گروپه چه‌كداره‌كانی عێراقیش ده‌رگای دۆزه‌خ به‌ڕووی هه‌موواندا ده‌كه‌نه‌وه.
بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕاگرتنی ناوەندەکانی چاودێری ئیسرائیلی زۆر پێشکەوتوو لە کەرتی غەززە بەکار هێنا لەگەڵ گلایدەرەکان بۆ فڕین بەسەر ئیسرائیل، هەندێکیشیان ماتۆڕسکیلیان به‌كارهێنا، كه ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار بوو چالاكییه‌كی له‌و شێوه‌یه ئه‌نجام بدات.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمه‌ریکی لە زاری بەرپرسە ئەمریکییەکانەوە گواستویەتەوە، ئێران راهێنانی بە چەکدارەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لەناو خاكی وڵاتەكه‌ی و له ده‌ره‌وه‌ش كردووه، به‌ڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەوە نییه، كه ئێران راهێنانی به‌کۆمەڵی بەو چەکدارانە کردبێ.
له‌لای خۆیه‌وه دانیال هاگاری، گەورە گوتەبێژانی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاندووه، ئێران بەر لە جه‌نگ، هاوکاری راستەوخۆی بزووتنەوەی حەماسی بە پارە و چەک و راهێنان و تەکنەلۆژیا کردووە. هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، تا ئێستا ئێران بە زانیاری هەواڵگری هاوکاری حەماس دەکات.