وەزیرانی دەرەوەی چین و ئەمەریکا جەختیان لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین. وێنە:AFP
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین. وێنە:AFP

K24 – هەولێر:

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، چاویان لەوەیە گفتوگۆ بنیاتنەرەکانی نێوان ئەمەریکا چین بەردەوام بێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، چاویان لەوەیە گفتوگۆ بنیاتنەرەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەردەوام بێت.

لەلایەن خۆیەوە وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا و چین ناکۆکی و جیاوازییان هەیە، بەڵام بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەڵە تیگەیشتنی نێوانیان، گرنگە گفتوگۆی هەردوو وڵات بەردەوام بن.

باسی لەوەشکرد، ئەمەریکا و چین بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، هەروەها پێکەوە رووبەڕووی ئاڵنگراییە هاوبەشەکان دەبنەوە.

پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن لە میانەی سەردانێکی بۆ وڵاتی چین و  ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنگەرەیکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە هەموو کۆبوونەوەکەدا جەختم لەوە دەکردەوە کە بەشداریکردنی راستەوخۆ و پەیوەندی بەردەوام لەسەر ئاستە باڵاکان باشترین رێگەیە بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسیاریەتییە جیاوازەکان و دڵنیابوون لەوەی کە کێبڕکێ نەگۆڕێت بۆ ململانێ".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەمان شت لە هاوتا چینییەکانم بیستووە، هەردووکمان لەسەر پێویستی سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانمان هاوڕاین".

رۆژی هەینی (16ــی حوزەیرانی 2023)، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئامانجی سەردانەکەی بۆ وڵاتی چین بۆ ئەوەیە هەردوو وڵات بتوانن پەیوەندییەکانیان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەڕێوەببەن و دوور بکەونەوە لە لێکدانەوەی هەڵە".

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی چین  هەینی رایگەیاند، دەرگای چین هەمیشە کراوەیە بۆ گفتوگۆگان لەگەڵ ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەرگیز نەوەستاون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە چین و ئەمەریکا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و یەکسانی پەرەپێبدەن.