کۆیە.. حکومەتی ھەرێم کار بۆ دروستکردنی ژمارەیەک پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو دەکات

K24 – کۆیە:

بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی کەم ئاوی و بێ بارانی لە دەشتی کۆیە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ دروستکردنی چەند پۆندێک بۆ گلدانەوەی ئاو دەکات.

کار بۆ درووستکردنی پۆندی قولەڕەش لە سنووری ناحیەی ئاشتی دەشتی کۆیە، دەکرێت و پۆندەکە پێداویستی ئاو بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵی دانیشتووانی چەندین گوندی سنووری ناحیەی ئاشتی چارەسەر دەکات، بە دوو کیلۆمەتر ئەولای پۆندی قولەڕەش پۆندێکی دیکە ئامادەدەکرێ کە ئەویشیان چەندین گوند بەراو دەکات.

مەلا عوسمان دانیشتووی گوندی قوڵ قوڵەیە و باس لە گرفتی کەم ئاوی گوندەکانی دەشتی کۆیە دەکات و دەڵێت: لە 2001 گوندی ئێمە نزیکەی 80 خانووی لێبوو، لە ئەنجامی وشکەساڵیدا زۆرینەی دانیشتووانی گوندەکە ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشت و بەرەو شارەکان کۆچیان کرد، درووستکردنی پۆندەکان سوودێکی زۆری دەبێت بۆ دانیشتووانی گوندەکە و لە کەم ئاوی رزگاریان دەکات.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەم بارانی لە ساڵی رابردوودا کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ئاستی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی درووستکردووە بەشێک لە کانییەکان هەر نەژیاونەتەوە، ئەمە وایکردووە کە حاڵی ئاژەڵداران و گوندنشینان پەرێشان بێت، لەپێناو کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا سیاسەتی درووستکردنی پۆندی لە سنووری گوندەکان خستووەتە بواری جێبەجێکردن و چەندین پۆند لە ناوچە جیاوازەکان دروستدەکرێن.

پۆندی قولەڕەش، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە گووژمەی 605 ملیۆن دینار جێبەجێی دەکات و باراناو لەوەرزی باران بۆ ھاوین و پایز گل دەداتەوە و ناھێڵێت بەفیڕۆ بچێت.

فارس محەممەد،  بەڵێندەری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا ئەوەیە بتواندرێت زۆرترین پۆند و بەنداو لەسەر ئاستی کوردستان، قەزا، ناحییەکان و پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت، هەروەها خەڵکیش ئێستا دەستی داوتە درووستکردنی پۆند و ئێمەش پاڵپشتی لەو کارەیان دەکەین و بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان دەکەین.

لە دوو ساڵی رابردوو، زیاتر لە 30 پڕۆژەی ئاو، بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداران و ئاوی خواردنەوە بەلێدانی بیری قوڵ، راکێشانی ئاو لە زێی بچووک و دروستکردنی پۆند تەنیا لە سنووری ناحیەی ئاشتی دروستکراون و مەبەست لێیان چارەسەری گرفتی کەم ئاوی گوندنشینان بووە.

پۆند لە بەنداو بچووکترە و لەشوێنی گونجاو بۆ گلدانەوە و کۆکردنەوەی ئاو دروست دەکرێت، دەشتی کۆیە کە ساڵانی رابردوو بەدەست کەم ئاویەوە گرفتی گەورەیان ھەبووە، ھەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ھەم خۆی ھەمیش پشتیوانی جووتیارانی کردووە لە درووستکردنی پۆندی بچووک بۆ چارەسەری ئەو گرفتە.