عێراق گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی لەگەڵ ئەڵمانیا و دانیمارک دەستپێدەکاتەوە

فڕۆکەیەکی هێلی ئاسمانی عێراقی
فڕۆکەیەکی هێلی ئاسمانی عێراقی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی نێوان بەغدا و فڕۆکەخانەکانی هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و دانیمارک راگەیاند.

رۆژی هەینی (27ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە 10ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە، گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەی وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک دەستپێدەکاتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، هەفتانە حەوت گەشتی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و فڕۆکەخانەکانی دۆسلدۆرف، فرانکفۆرت، بەرلین، کۆبنهاگن و میونخ لە رۆژی 10ـی مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات.

هاوکات وەزارەتی گواستنەوەی عێراق روونیکردووەتەوە، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئەوروپییە بەشێوەی هاوبەشی دەبێت، ئەمەش دوای گفتوگۆ و هەوڵێکی زۆر دێت لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی ئەوروپی لەسەر گەشتکردنی فڕۆکەی هێلی ئاسمانی عێراقی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.