مامۆستایانی زانکۆی کەرکووک پێشوازی لە بڕیارەکی پارتی بۆ بەخشینی بارەگاکەی دەکەن

شاری کەرکووک.
شاری کەرکووک.

K24 – کەرکووک:

پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای سەركردایەتی كەركووك گەرمیانی پێشكەش بە زانكۆی كەركووك كرد و مامۆستایانی زانكۆ  و چاودێرانی سیاسی ئەوە بە بڕیارێكی درووست و بوێرانە ناودەبەن. مامۆستایەكی زانكۆ لە كەركووك دەڵێت: "ئەم سیاسەتەی پارتی دیموكراتی كوردستان شتێكی تازە نییە و كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كۆمەڵگەی كەركووك دەبێت و ئەوەش رەنگدانەوەی دروشمەكانی پارتییە، كە حزبێكە بەردەوام لە پێناو بەرژەوەندی گشتی كار دەكات".

پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕیارێک کۆتایی بە مشتومڕی بارەگای سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیان هێنا، لەدوا کۆبوونەوەی خۆیدا کە بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو بارەگا سەرەکییەکەی خۆی لەکەرکووک پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرد، ئەمەش وەک خۆیان دەڵێن: "له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شاری كه‌ركووك و پێزانین و رێزگرتن له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر و تێكۆشه‌ری شارەکەیە‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆڕاگر و به‌رده‌وام قوربانیده‌ربوون له‌ پێناو ئامانجه‌ ره‌واكانیان".

سامان رەشید، رێگەپێدراوی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەبێت ئەو بارەگایە بە زووترین کات چۆڵ بکرێت و هێزی سەربازی لەو ناوچەیە نەمێنێت، ئەو بارەگایەش پێشکەش بە زانکۆی کەرکووک کراوە، هەڵبەت زانکۆی کەرکووک دەتوانێت سوود لەو بارەگایە وەربگرێت.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد خورشید، مامۆستا لە زانکۆی کەرکووک، رایگەیاند، من لەبیرمە جەنابی سەرۆک بارزانی، پێش چەند ساڵێک یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پیشنیازی ئەوەیان کرد دکتۆرای فەخری بە سەرۆک بارزانی ببەخشن، بەڵام جەنابیان رەتی کردەووە و گوتی: "من دکتۆرای فەخریم ناوێت، زانکۆ لەلای من زۆر گەورەیە، پێمخۆشە من فەرمانبەرێک بم لە زانکۆ نەک دکتۆرای فەخریم پێ ببەخشرێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، جەنابی سەرۆک بارزانی لە ماهیەت و گرنگی زانکۆ بەباشی تێدەگات، ئێمە وەک مامۆستایان زانکۆ سوپاسی جەنابیان دەکەین.

لەلایەن خۆیەوە سورا هاشم، مامۆستا لە زانکۆی کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت: پێشکەشکردنی ئەو بارەگایە بە زانکۆی کەرکووک لە راستیدا بڕیارێکی زۆر بوێرانە و لەجێگەی خۆیدایە، هەروەها ئەو سیاسەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان شتێکی تازە نییە و کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر کۆمەڵگەی کەرکووکی.

هاوکات گوتیشی: ئەو بڕیارەی پارتی دیموکراتی کوردستان رەنگدانەوەی دروشمی حزبەکە دەردەخات و کە هەمیشە بەرژەوەندی خەڵکی دەوێت بە گشت پێکهاتە و نەتەوەکانەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەئاستی باڵا هەوڵەکانی بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک چڕکردووەتەوە، دۆسیەی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی بارەگاکانیشی بەئاراستەی گەڕانەوەی ئەو حزبەیە بۆ شارەکە لە نزیکترین کاتدا.

رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەڵاحه‌ددین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شاری كه‌ركووك و، پێزانین و رێزگرتن له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر و تێكۆشه‌ری ئه‌م شاره‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆڕاگر و به‌رده‌وام قوربانی ده‌ربوون له‌ پێناو ئامانجه‌ ره‌واكانیان، كۆبوونه‌وه‌ بڕیاردرا باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پێشووی پارتی له‌ كه‌ركووك، پێشكه‌شی‌ زانكۆی كه‌ركووك بكرێت وه‌كو دیارییه‌ك بۆ قوتابیانی ئه‌و شاره‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه‌.