ئەمەریکا و چین ئامادەکاری دەکەن بۆ کۆبوونەوەی نێوان جۆ بایدن و شی جینپینگ

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، ئەمەریکا و چین رێککەوتوون لەسەر رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لە نێوان جۆو بایدن و شی جینپینگ سەرۆکانی هەردوو وڵات لە مانگی داهاتوودا.

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند، دیدارەکانی وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە ماوەی دوو رۆژدا نۆ کاتژمێری خایاندووە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا روونیان کردەوە، یاریدەدەرە باڵاکانی بایدن نیگەرانییەکانی واشنتنیان بە چین گەیاندووە، کە بریتین لە پێویستی گەڕاندنەوەی کەناڵە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کردەوەکانی پەکین لە دەریاکانی رۆژهەڵات و باشووری چین و تایوان، مافی مرۆڤ و پرسی ئەو ئەمەریکییانەی لە چین دەستبەسەر کراون.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا کەناوی ئاشکرانەکراوە لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاندووە، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار سەرکردەکانی چین بە ئاشکرا پشتڕاستی دەکەنەوە کە وادەی کۆبوونەوەکە زۆر نزیکە، ​​بۆیە ئەوە بۆ لایەنی چینی جێدەهێڵم بۆ ئەوەی بزانن، کەی وادەکە ئاشکرا دەکەن.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی چین، وانگ بە بایدنی گوتووە، "ئامانجی سەردانەکەی یارمەتیدەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین"، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە بخاتەڕوو.

ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس فاکتەری نوێی بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاد کردووە، واشنتن هیوادارە پەکین بتوانێت هەژموونی خۆی لەگەڵ ئێران بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی رێگری بکات لە فراوانبوونی شەڕەکە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وانگ یی رایگەیاند، کارەکانی ئیسرائیل لە دەرەوەی بازنەی بەرگریکردنە لە خۆی.