میسر.. لە رووداوێکی هاتووچۆدا 95 کەس بوونە قوربانی

وێنەی رووداوەکەی میسر
وێنەی رووداوەکەی میسر

K24 - هەولێر

رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگای نێوان قاهیرە و ئەسکەندەرییە لە میسر روویدا، بەو هۆیەوە 95 قوربانی لێکەوتەوە. کە هەندێک لەئۆتۆمبێلەکان ئاگریان گرتووە.

وەزارەتی تەندروستی میسر رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگای نێوان قاهیرە-ئەسکەندەرییە، لە نزیک وادی ئەلنەترون، 32 کەس گیانیان لەدەستدا و 63 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای بەحیرە لە باکووری قاهیرە ئامادەکاری کراوە بۆ وەرگرتنی بریندارانی رووداوەکە، کە لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی هاووڵاتیان و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل روویدا، هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان ئاگریان گرتووە.

حیسام عەبدولغەفار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی میسر رایگەیاند، 53 لە بریندارانی رووداوەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی "وادی ئەلنەترون"، هەروەها حەفت برینداری دیکەش گواستراونەوتەوە نەخۆشخانەی "ناوەندی رۆژئاوای نۆباریە"، گوتیشی: ئەمبولانسمان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە، بۆ سێ برینداری دیکە و بەردەوامیش چاودێری دۆخەکە دەکەین.

پۆلیس ئاشکرای کردووە، "رووداوەکە بەهۆی رژانی رۆنەوە بووە، دواتر ئۆتۆمبێلەکان خۆیان بەیەکدا کێشاوە و هەندێکیان ئاگریان گرتووە.