لە باخێکدا ئاسایشی دهۆک دەست بەسەر دەرمانی ماوە بەسەرچوودا دەگرێت و دەرمانخانەیەکیش دادەخات

K24 - دهۆك:

بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەست بەسەرداگرتنی بڕێک دەرمانی ماوە بەسەرچوو لە باخێک و داخستنی دەرمانخانەیەکی سەر بە خاوەنی باخەکە رادەگەیەنێت.

ئه‌مڕۆ (شەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە ئەنجامی بەدواداچووندا زانیارییان پێگەیشتووە لەسەر ئەوەی لە باخێکدا لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک دەرمانی ماوە باسەرچوو بوونی هەیە، بۆیە ڕۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2023، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئه‌و شاره‌، بە هاوکاری داواکاری گشتی و لیژنەی باڵای بەدواداچوونی دەرمان، چوونە شوێنی دیاریکراو و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی ماوە بەسەرچوو و قاچاغدا گرت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌: وێڕای ئەوەش دەرمانخانەیەکیان داخست کە هی خاوەنی هەمان ئەو باخە بوو بە ناوی (ک، ق ، م) و  بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 240 ی یاسای سزاکان دەستگیرکرا.

رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی 'بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان' لە هەولێر، رایگەیاندبوو: "بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان".

مەسرور بارزانی پێیوابوو، "ماددەی هۆشبەر هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازکردنی سەرمایەی مرۆیی" و گوتیشی، "هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆرواجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددە هۆشبەرەکانە کە یەکێکە لەو چەکانەی بە شارەزا و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکاردەهێندرێت".

كارزان حه‌یده‌ر

٦٧