ناتانیاهۆ: جەنگی غەززە درێژخایەن و سەخت دەبێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لەسەدا 90ی بودجەی سەربازی حەماس لەلایەن ئێرانەوە دابیندەکرێت.

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئسیرائیل رایدەگەیێنێت، جەنگ لە خاکی غەززە، جەنگێکی درێژخایەن و سەخت دەبێت.

دەشڵێت، ئێران پشتیوانی لە حەماس دەکات و بەبێ پشتیوانییەکانی ئێران حەماس بوونی نابێت.

ناتانیاهو هه‌روه‌ها گوتی: "جەنگ لە خاکی غەززە، جەنگێکی درێژخایەن و سەخت دەبێت، ئەمە دووەمین جەنگی سەربەخۆیی ئێمەیە. لە پێناو خاکی رەسەنی خۆمان دەجەنگین و کۆڵنادەین. لە زەوی، ئاسمان و دەریا دەجەنگین. دوژمن لەسەر زەوی و لە ژێر زەوی لەناو دەبەین. شەڕ دەکەین و سەردەکەوین. ئەمە سەرکەوتنی باشە بەسەر خراپەدا دەبێت، سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی و ژیان بەسەر مەرگدا دەبێت".

گوتیشی: "‌ئێران پاڵپشتی حەماس دەکات. بڕوام وایە، لەسەدا 90 بودجەی سەربازی حەماس لەلایەن ئێران دابین دەکرێت. ئێران، هاوکاری نەختینەیان پێشکەش دەکات، چالاکییەکان رێکدەخان، سەرکردایەتی دەکات و راهێنانیان پێشکەش دەکات. ناتوانم بە دڵنیاییە بڵێم لە پلاندانانی وردی ئەم ئۆپەراسیۆنە دیاریکراوەدا تێوەگلاون، بەڵام کەرەستەی سەربازیان بۆ دابین دەکەن و پشتیوانییان دەکەن. حەماس بەبێ پشتیوانی ئەم سیستەمە بوونی نابێت، هەروەک چۆن حیزبووڵا بەبێ ئێران بوونی نابێت".

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، حەفت هەزار و 702 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، 3500  منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

رۆژی هه‌ینی 28ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023، ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی هێرشی سه‌ربازی فراوان بۆسه‌ر غه‌ززه‌، دۆخی جه‌نگی له‌گه‌ڵ حه‌ماس گه‌یانده‌ قۆناغێكی پڕ له‌ ئاڵۆزی.