گەنجێک لە کەرکووک بەهۆی "هەڵەیەکی پزیشکییەوە" گیانی لەدەستدا

دایکی گەنجەکە: سکاڵا تۆمار دەکەین

K24 – هەولێر

گەنجێک لە نەخۆشخانەیەکی کەرکووک لەکاتی نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی دەڵێن "نەشتەرگەری مایەسیری بۆ کراوە، هەڵەی پزیشکی بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی".

خانەوادەی گەنجەکە، رایانگەیاند: "رۆژی شەممە 28/10/2023، لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری کەرکووک، نەشتەرگەری مایەسیری بۆ کوڕەکەمان کرا، بەڵام بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر گیانی لەدەستدا".

دایکی کوڕەکە گوتی: "کوڕەکەم تەمەن 26 ساڵان بوو، پێش نەشتەرگەری هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، بە چەند کاتژمێرێک، تەندروستی تێکچوو و دواتر گیانی لەدەستدا".

گوتیشی: "تا ئێستا نازانم چی بووەتە هۆی تێکچوونی بارودۆخی کوڕەکەم کە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی، چونکە نەشتەرگەرییەکەی هیچ مەترسیدار نەبوو، لە دادگا سکاڵای دژی لایەنی کەمتەرخەم تۆمار دەکەین، لە ئێستادا پزیشکی دادوەری لە هەوڵدایە بۆ پڕۆسەی شیکاری".

سەرچاوە: شەفەق نیوز

ئا: لاڤین عومەر