ئەندامێکی لیژنەی دارایی: ئەگەر حکومەتی عێراق لەم دوو رۆژە 700 ملیارەکەی نەنارد، قسەمان دەبێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو 700 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت قەرزە، ئەگەر لەم دوو رۆژە نەینارد وەک لیژنەی دارایی قسەیان دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29 تشرینی یەکەمی 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: "ئەو بڕە پارەیە وەک قەرز دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، جیایە لە مووچەی فەرمانبەران کە لە عێراق دابەشدەکرێت".

گوتیشی: "مووچەی حکومەتی عێراق لە 16ی مانگ تا 25 مانگ دابەش دەکرێت، بەڵام قەرز و تێچووی پڕۆژەکان و دامودەزگاکان و هەرێـمەکان، لە 25 مانگ دەست پێدەکات و تا کۆتایی مانگە، ئەگەر نەینارد وەک پەرلەمانتار رۆڵمان دەبێت و دێنە سەر خەت و قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، وەک رۆڵێکی چاودێر".

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ 28/10/2023، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: "بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت. ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو رۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ریشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی".

‎راشیگەیاندووە: "لە ماوەی رابردوو  نیەتی روونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت ، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین".

14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.